لەبارەی دابەشكردنی نەوت دڵنیایی دەدرێت

:: PM:03:13:19/11/2025 ‌
بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی نەوت و كانزاكان رای دەگەیەنێت، دابەشكردنی نەوت لە دەوروبەری هەولێر باش بەڕێوە دەچێت و بەمنزیكانە تەواو دەبێت، شێوازی دابەشكردنەكەش دڵنیاییە كە مافی هیچ هاووڵاتییەك نافەوتێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی تشرینی دووەم، سالار محەمەد لێپسراوی بەشی نەوت و كانزای هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، رۆژانە لە پارێزگای هەولێر بڕی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتمان پێ دەگات و لە هەمان رۆژدا بەسەر هاووڵاتییانی دابەش دەكەین.

زیاتر گوتی، ئێستە ئاستی دابەشكردنی نەوت لە دەوروبەری هەولێرە، بۆ دەوروبەر پێویستمان بە 37 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە، ئێستە 20 ملیۆنمان دابەش كردووە، ئەگەر بڕەكەشی زیاتر بكرێت، پرۆسەكە خێراتر دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، دوای تەواوبوونی ئەو شوێنانەی ماون، دابەشكردنی نەوت لەناو سەنتەری شار دەست پێ‌ دەكات و لە ڕێگەی بەنزینخانەكان نەوت بە هاووڵاتییان دەدرێت.

لەبارەی ئەو شێوازە نوێیەی دابەشكردن بۆ هاووڵاتییان دڵنیایی دا و رای گەیاند، چەند بڕیكارێك لە نزیكترین بەنزینخانە ئاگادار دەكرێنەوە كە بەپێی خشتەیەك خۆمان دیاری دەكەین، بەشدارانیان ئاگادار بكەنەوە لە بەنزینخانەی دیاریكراو بچن بەشە نەوتیان وەربگرن، ئەوەیش بۆ ئەوەیە جەنجاڵی دروست نەبێت.

دابەشكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە نرخی پاڵپشتیكراو لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ماوەی سێ‌ ساڵە حكوومەت نەوت بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ دابەش دەكات.



وشە - رامیار جەواد