هەواڵێكی گرنگ بۆ سەرجەم خانەنشینان

:: PM:04:21:19/11/2025 ‌
وەزارەتى دارایی و ئابوورى /بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، لەبارەى پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من، ئاگاداری سەرجەم خانەنشینان دەكاتەوە. 

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، سەرجەم ئەو خانەنشین و وارسانەی كە تا ئێستە فۆڕمی هەژماری منیان پڕ نەكردووەتەوە، لە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول، مووچەكانیان ڕادەگیرێت تا ئەو كاتەی فۆڕمی هەژماری من پڕ دەكەنەوە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەو خانەنشینانەی كە كارتی بانكەكانیان تەواو بووە و تا ئێستە كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، سەردانی بانكەكان بكەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە مووچەی مانگی ئۆكتۆبەریان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من بۆ خەرج دەكرێت.

باس لەوەیش كراوە، نزیكەی 90%ی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار كردووە، ئەوانەشی كە ماون و خۆیان تۆمار نەكردووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ هەر فەرمانبەر و خانەنشین و مووچەخۆرێكی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانكی نەبێت و خۆی لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەكردبێت، لە بەغداوە مووچەكەی ڕادەگیرێت و لە هەرێم خەرج ناكرێت، لەدوای سەری ساڵیشەوە دابەشكردنی مووچە بەشێوەی كاش نامێنێت و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆیانە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم