عەزیز ئەحمەد: ئامادەین بۆ كارەبای 24 سەعاتی هاوكاری بەغدا بكەین

:: PM:04:34:19/11/2025 ‌
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئامادەن هاوكاری بەغدا بكەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پانێلێك بە ناونیشانی "مسۆگەركردنی ئاشتی لە ڕێگەی خۆشگوزەرانی و حوكمڕانی باشەوە، ئەجێندای چاكسازیی هەرێمی كوردستان و هاوبەشە ئابوورییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە كۆڕبەندی مێپس رای گەیاند، ئامادەی هاوئاهەنگین لەگەڵ بەغدا بۆ یارمەتیدانیان لە پێناو بەدەستهێنانی كارەبای 24 سەعاتی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە لە دابینكردنی.

زیاتر گوتی، سیستمی دابینكردنی كارەبا كۆن بوو و كارەكان دیجیتاڵی نەبوون و موەلیدەی گاز قەرەبووی كەمی كارەبای دەكردەوە، ساڵانە 1.4 ملیار دۆلار زیانی دەبوو كە دەكرێت ئەم پارەیەش بگەڕێتەوە بۆ حكوومەت، بۆیە ڕێگەیەكی گونجاومان دۆزییەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەمە و هەرێمی كوردستان كە لە 20 ساڵی ڕابردوودا نەیتوانی بوو ئەم كارە بكات، بەڵام بە پرۆژەی ڕووناكی جێبەجێ كرا.

لەبارەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران، عەزیز ئەحمەد گوتی، توانیومانە زیاتر لە ملیۆنێك ئەكاونتی بانكی بۆ كوردستانیان بكەینەوە، لە كەرتی گشتییەوە دەستمان پێ كرد و زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار مووچەخۆرمان هەیە و 700 ملیۆن دۆلار تێچووی پرۆسەی پێدانی مووچە بوو، بەر لە پرۆسەی بە دیجیتاڵیكردن.

بە گوتەی ئەو، یەك ملیۆن كەس لە 100 شوێن دەتوانن مووچەكانیان ڕابكێشن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەم ژمارەیە بۆ هەزار شوێن زیاد بكەین، بۆ ئەوەی خەڵك ئاسانتر دەستیان بە مووچەكانیان بگات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم