لە شاری دهۆك سەرۆك بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات كرد .
لە كۆبوونەوەكەدا كە محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە و عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری كوردی باكور و چەند كەسایەتی و بەرپرسی تری ڕۆژئاوا بەشداربوون، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە هەردوو لایەن بەیەكەوە بەشدارن لە كۆڕبەندی مێپس 2025 لە شاری دهۆك و هەردوولا سوپاسی رۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی كوردستان، دواتر بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەسەر بارودۆخی سووریا و ناوچەكە.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە پرسی كورد بە شێوازێكی دیموكراسیانە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی سووریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەكانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە.
سەرۆك بارزانی دووپاتی لە پشوودرێژی و تەبایی و یەكریزی هێز و لایەنە سیاسیەكانی كورد كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە نابێت مافەكانی گەلی كورد پێشێل بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات سوپاسی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بانگهێشتنامەكەی بۆ كۆڕبەندی مێپس 2025، باسی لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە بەرانبەر هەوڵەكانی لەپێناو نزیكبوونەوە و بەدیهێنانی یەكڕیزی لەنێوان لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها پاڵپشتیەكانی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند كە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگایان كراوەبوو بۆ حەواندنەوەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، هەروەها پاڵپشتیەكانی هەرێمی كوردستانی لە تێكشكاندنی تیرۆر بەرز نرخاند.