سەرۆك بارزانی: دۆزی نەتەوەی كورد لەسەرووی هەموو شتێكە

:: PM:07:12:19/11/2025 ‌
لە شاری دهۆك سەرۆك بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی نوێنەرانی كۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە دۆزی نەتەوەی كورد لەسەرووی هەموو شتێكە و بایەخدان بە ڕەوەندی كوردستانی لە دەرەوە لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژیەدایە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر گرنگی كۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی كە لە دەرەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن له بوارە زانستییە جۆراجۆرەكان و لەم ڕووەوە جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و ئیرادەی گەلی كورد لە پێناو مانەوەو بەرگریكردن لە ناسنامە و خەبات لە دژی زۆرداری هەروەها ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان كە هەموو كات پێشوازی لە هەموو هەوڵێكی ئاشتی كردووە هەرگیز پەلاماردەر نەبووە ئەمەش وایكردووە كوردستان ببێتە ناوچەیەكی گرنگی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم ئایین و مەزهەبەكان ئەم فەرهەنگەش دەبێت بپارێزرێت و دەستی پێوە بگیرێت.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە مەترسیەكانی مادەی هۆشبەر كرد لەسەر هەرێمی كوردستان، كە دوژمنان بە پیلان و بەرنامە هەوڵی بڵاوكردنەوەی دەدەن رای گەیاند دەبێت زۆر بە تووندی ڕووبەڕووی ببنەوە، هاوكات بە گرنگیەوە باسی لە هەنگاوە خزمەتگوزاریەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان كرد 

سەرۆك بارزانی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دووپاتكردەوە و بە گرنگیشی زانی هەموو كوردستانیان كار بكەن بۆ ئەوەی دۆستی زیاتر بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان پەیدا بكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم