نوێنەری خانەنشینان رای دەگەیەنێت، داوا لە خانەنشینان دەكەم سەرجەمیان ئەو فۆرمە پڕ بكەنەوە با تووشی وەستانی مووچە نەبن، چونكە ئامانجی ئەو كەسانە ئەوەیە وەك هەمیشە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارتان بهێنن و لە بەردەم بانكەكان لە سەرما و گەرما راتان بگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی تشرینی دووەم، كەریم باست نوێنەری خانەنشینان، بە "وشە"ـی راگەیاند، پێویستە سەرجەم خانەنشینان فۆرمی هەژماری من پڕ بكەنەوە، پرۆسەكە كۆتایی ساڵ تەواو دەبێت، گوێش لەو كەسانە مەگرن كە دەڵێن پڕی مەكەنەوە، چونكە ئامانجیان ئەوەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارتان بهێنن.
زیاتر گوتی، پێشتر چۆن كێشەیان بۆ فەرمانبەران دروست كرد، دواتر سەرجەمیان هەژماری منیان پڕ كردەوە، ئێستەیش دەیانەوێت خانەنشینان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكار بهێنن، دواتر وەك تەوتینەكە پشتیان تێدەكات و جەنجاڵی لە بەردەم بانكەكان دروست دەكەن.
باسی لەوەش كرد، ئەو ئاگادارییەی وەزارەتی دارایی لە خەمخۆرییە بۆ خانەنشینان كە كارەكانیان تەواو بكەن، هەروەها نایەوێت چیتر خانەنشینان لە بەردەم بانكەكان بن و سەرما و گەرما بكێشن.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری، نزیكەی 90%ی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار كردووە، ئەوانەشی كە ماون و خۆیان تۆمار نەكردووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەر و خانەنشین و مووچەخۆرێكی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانكی نەبێت و خۆی لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەكردبێت، لە بەغداوە مووچەكەی ڕادەگیرێت و لە هەرێم خەرج ناكرێت، لە دوای سەری ساڵیشەوە دابەشكردنی مووچە بەشێوەی كاش نامێنێت و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆیانە.