دوای ناردنی داهاتی ناوخۆ بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی مووچەخۆران بگاتە هەرێمی كوردستان و راستەوخۆ بە سێ بۆ چوار رۆژ دابەش دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی تشرینی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دەستی كەوتووە، كارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ تەواوكردن و ناردنی مووچەی مانگی نۆ دەستی پێ كردووە.
ئەوەش زانراوە، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەدیاریكراوی رۆژی دووشەم، ئەو پارەیە دەگات و بەرپرسانی دارایی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەمەیش ئەگەر بەربەست و بیانوو دروست نەكەن.
فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات، هەروەها مووچەی مانگی 10ـش بێ كێشە دەنێردرێت.
ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی بۆ عێراق نەهێشتووەتەوە و سەرجەم داواكارییەكانی جێبەجێ كردووە.