زیادكردنی مووچەی مامۆستایان هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

:: AM:11:04:20/11/2025 ‌
دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی 2026دا، بڕی 150 هەزار دینار بۆ دەرماڵەی مامۆستایان خەرج دەكرێت. سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان رای دەگەیەنێت، بەپێی رێنوێنیی یاساكە، مامۆستایانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی تشرینی دووەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی سەرجەم مامۆستایان لە عێراق دابین دەكرێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە، زیادكردنی 150 هەزار دینار وەك دەرماڵە، مامۆستایان و كارمەندانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەر ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی مووچە و نەوت وەك خۆی بەردەوام بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو پارەیە بۆ هەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، بەپێی رێنوێنیی وەزارەتی دارایی، ئەو دەرماڵەیە زیاد دەكرێت و سەرجەم مامۆستایانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

هاوكات بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو دەرماڵەیە لە ساڵی 2026 بۆ مامۆستایان خەرج دەكرێت و دەرماڵەكە لە 150 هەزار دینارەوە دەكرێتە 300 هەزار دینار.



وشە - رامیار جەواد