پزیشكێك رای دەگەیەنێت، ڤەیپ ئاستی تووشبوون بە شێرپەنجە زۆر زیاتر دەكات، قەدەغەكردن و لەناوبردنی دەبێت بكرێتە پێش كاری جگەرە.
بەپێی بڕیارێك فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی كوردستان قەدەغە كراوە، بەڵام ئەو كارە بە لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی سپێردراوە، ئەوانیش بەهۆی كەمیی ئەندام و زۆری ماركێت و شوێنەكان، فریای هەموو شوێنێك ناكەون تا چاودێرییان بكەن.
كامەران یونس پزیشكی دیاریكردنی خانە شێرپەنجەییەكان، بۆ "وشە" دەڵێت، تووشبوونی گەنجان بە شێرپەنجە، هۆكاری یەكەمی بابەتی دووكەڵە، لەناو هەمووشیان زیاتر ڤەیپ و نێرگەلەیە.
زیاتر گوتی، ڤەیپ دەبێت رێگەپێدانی نەبێت بۆ داخلكردن، چونكە بێ كوالێتی ئەو ڤەیبانە و بەشێكیشیان بازرگانییە، هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئەو ڤەیپانەش بە هەموو تەمەنێك دەفرۆشرێت.
باس لەوەش دەكات، ڤەیپ بەهۆی ڕەنگ و تامە جیاوازەكانیەوە، بووەتە جێگەی سەرنجی زۆر لە هەرزەكاران و گەنجان و بەشێوەیەكی بەرفراوان بەكار دێت، بەڵام ئایا ڤەیپ تەندروست نییە؟.
لەگەڵ بەربڵاوبوونی بەكارهێنەرانی ڤەیپ و جگەرە ئەلیكترۆنییەكان، تویژەران لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەیان توێژینەوەیان لەوبارەیەوە ئەنجام داوە، ئەنجامی هەریەك لە توێژینەوەكان ئەنجامی سەیر لەبارەی كاریگەری و ئاستی سەلامەتیی ڤەیپ و جگەرە ئەلیكترۆنییەكان ئاشكرا دەكەن.
سیروان عارف توێژەری پزیشكی بۆ "وشە" دەڵێت، بەپێی توێژینەوەكان لەسەر ڤەیب، دەركەوتووە لەگەڵ ئەوەی ڤەیپ یان هەریەك لە جگەرە ئەلیكترۆنییەكان بڕێكی كەمتر لە مادە كیمیاییەكان یان نیكۆتینیان تێدایە، لەگەل ئەوەشدا بەكارهێنانیان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن هەمان كاریگەریی خراپی جگەرەی هەیە.
باس لەوەش دەكات، راستە جگەرەی ئەلیكترۆنی سەلامەتترە لە جگەرەی تەقلیدی، بەڵام هێشتا دەتوانێت لە درێژخایەندا زیانی هەبێت و لێكۆڵینەوەكان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان، چونكە ڤەیپ وەك جگەرە دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنی دەم، شێرپەنجەی پووك، داخورانی دانەكان و كلۆربوونیان.
بە گوتەی ئەو توێژەرە، یەكێكیكی تر لە لایەنە خراپەكانی ڤەیپ ئەوەیە كە دەتوانی بۆ هەموو شوێنێك بە ئاسانی لەگەڵ خۆتی ببەیت، بۆ بەكارهێنان ئاسانە، ڕەنگ و تامە جۆراوجۆرەكانی وادەكات زۆرتر سەرنجڕاكێش بێت، هەر ئەمەشە حكوومەتی بەریتانیا ئەم شێواز و تایبەتمەندییەی ڤەیپ و جگەرە ئەلیكترۆنییەكان بەكار دێنێت بۆ بەرەنگاربونەوەی ڕێژەی بەرزی جگەرەكێشەكان تا ساڵی 2030.
روونی كردەوە، بەشێك لە گەنجان و هەرزەكاران كە ڤەیپ دەكێشن، لەبارەی ئەزموونی خۆیانەوە دەڵێن تام و ڕەنگاوڕەنگییەكەی ڤەیپ وایكردووە، جاری وا هەیە دوو ڤەیپ لە هەفتەیەكدا بكێشن، هەروەها بەشێك لە ئافرەتمان بەپێی دیزاین و ستایل و ڕەنگی جلەكانیان ڤەیپەكانیان دەگونجێنن.
هەرچی خاوەن ماركێتێكە رای دەگەیەنێت، بەپێی بڕیارێك فرۆشتنی ڤەیب قەدەغە كراوە، بەڵام پرسیارێك دەكەم، ئەی كێ ئەو ڤەیبانە بۆ گەنجان دەهێنێت و لە دەستیانە؟.
هیوا ئەبوبەكر خاوەن ماركێتە لە هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، ڤەیب لەڕووی داراییەوە بارگرانییە، چونكە وەك جگەرەی تووتن نییە، ڤەیپ گرانترە، لە پێنج هەزار تا سەرووی 30 هەزار دینارە، بەڵام ئەو ڤەیبەی ئێستە هەیە، دەپرسم چۆن بەدەست دێت؟.
لە هەولێر، پاڵپشت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان، لە ئایاری 2023ـەوە مامەڵە بە ڤەیب قەدەغە كراوە، بەپێی ئامارێك لە حوەزیرانی 2025ـدا زیاتر لە 50 هەزار ڤەیپ و جگەرەی ئەلیكترۆنی دەستیان بەسەردا گیراوە و لەناو براون.
لە دهۆك لە سەرەتای 2024ـەوە بڕیاری قەدەغەكردنی ڤەیپ دەركراوە و بەپێی ئامارێك، 54 شوێنی فرۆشتنی ڤەیپ سزا دراون، لەگەڵ لەناوبردنی هەشت هەزار و 200 ڤەیپ.
بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و دەیان توێژینەوەی پزیشكی و هەروەها رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڤەیپ یان هەر جۆرە جگەرەیەكی ئەلیكترۆنی، زیانەكانی هیچی لە زیانی جگەرەی ئاسایی كەمتر نییە ئەگەر زیاتریش نەبێت، كە ساڵانە هۆكارن بۆ مردنی ملیۆنان كەس لە دنیادا، بەرپرسن لە پێشخستنی شێرپەنجەی سییەكان و دەیان دەرد و بەڵای تری تەندروستی.
لە نوێترین ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سۆران لە بەرانبەر بڵاوبوونەوەی، لە نووسراوێكدا هاتووە، ئاگاداری هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەینەوە لەبارەی جگەرەی ئەلیكترۆنی (ڤەیپ)، بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە رۆژانی رابردوودا نووسراوێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە لەبارەی رێگەپێدانی ڤەیپ، بەڵام بۆ زانینی گشت هاووڵاتییان و پیشەوەرانی كاری ڤەیپفرۆش، ئەگەر لەلایەن لیژنەكانەوە دەستی بەسەر بگیرێت، رێكاری یاسایی توندیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.