دوای ئەوەی لە دیداری مێپس 25 لە دهۆك، ژمارەیەكی زۆر سەركردەی سیاسیی عێراق و ناوچەكە كۆبوونەوە، هەموو ئەوانەیش لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كۆبوونەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوویش هەولێر ببێتەوە شوێنی گۆڕەپانی سیاسییەكانی عێراق.
عێراق لە بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی نوێدایە، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە 11ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ملیۆنێك دەنگ و زیاتر، توانی ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق، ئەوەیش سیاسییەكانی ناچار كردووە بۆ هاوپەیمانی پەنا بۆ پارتی بێنن.
دوو رۆژی رابردوو، سوودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق كە هاوپەیمانییەكەی دەنگێكی زۆری لە هەڵبژاردن هێناوە، لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كورد كۆبووەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە "وشە"ی گوت، هەفتەی داهاتوو نووری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ دەبێتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پێدەچێ جیا لە نووری مالیكی، چەند سیاسییەكی تریش سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.