ئێستە بەشدارانی پڕۆژەی هەژماری من لە رێگەی ئەلیكترۆنییەوە دەتوانن پارەی مانگانەی كارەبای مانگانەیان بدەن، ئەوەیش بۆ كارئاسانیی هاووڵاتییانە.
ئەمرۆ شەموو 22ـی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەك لە هەژماری من بە "وشە"ـی راگەیاند، چیتر پێویست ناكات چاوەڕێی كارمەندی خوێندنەوەی پێوەر بكەین، بۆ خوێندنەوەی پێوەرەكەت سەردانی ماڵەكەت یا شوێنی بازرگانی یان كارگەكەت، یاخۆ بۆ مەبەستی پێدانی پسوولەی خوێندنەوەی كارەبا یان دانی پارەی كارەبا، یاخۆ سەردانی فەرمانگەی كارەبا بكەی بەمەبەستی پارەدان، چونكە كارئاسانی تر كراوە.
زیاتر گوتی، ئەگەر ئەپلیكەیشنی FIB یان Fastpayیت هەیە، تەنیا بیكەرەوە و لەوێ Epsule دابگرە، پاشان وەزارەتی كارەبا، پاشان خوێندنەوەی ئێستە یاخۆ قەرزی كۆن دابگرە و دواتر ژمارەی ئەژمار (ئەوەی لەسەر پسوولەی كارەبا هەیە) بنووسە و بڕی پارەی شایستەی كارەبات بۆ پێشان دەدرێت.
باسی لەوەش كرد، بڕی پارەكە بە یەك كلیك دەدەی و پسوولەكەت بۆ هەژمار دەكرێت.
روونی كردەوە، ئەوە كارئاسانییەكی زۆرباشی بۆ مووچەخۆران كە بەهۆی دەوام ناتوانن سەردانی فەرمانگەكان بكە بۆ پارەدان، یانی لە كاتی گەڕانی كارمەندی پارە كۆكردنەوە لە ماڵ نەبن، دەتوانن لە رێگەی ئەلیكترۆنی پارە بدەن.
پڕۆژەی رووناكی ئێستە زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی سوودی لێ وەردەگرێت و بوونەتە خاوەن كارەبای 24 سەعاتی.