بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لەلایەن بەغداوە بەشێكی تر پارەی گەنمی جووتیاران خەرج كراوە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی تشرینی دووەم، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری دا، 500 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت.
زیاتر گوتی، تا ئێستە حكوومەتی هەرێم لە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە ئاگادار نەكراوەتەوە، هەر كاتێك ئاگادار بكرێینەوە، بە دڵنیاییەوە ڕای دەگەیەنین و بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەكەین.
باسی لەوەش كرد، شایستەی دارایی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلای حكوومەتی فیدراڵ، زیاتر لە 300 ملیار دینارە، تا ئێستە بەغدا تەنیا نزیكەی 72 ملیاری ناردووە و زیاتر لە 240 ملیار دینار لای حكوومەتی عێراق ماوەتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی لێ وەرگیراوە و ئەو بڕەشی ماوەتەوە، لە ناوخۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جووتیارانی كڕییەوە.