د. چنار سەعد: پارتی لە هەڵبژاردندا شكستی بە پیلانی نەیارانی كورد هێنا

:: PM:04:06:23/11/2025 ‌
د. چنار سەعد عەبدوڵا ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پارتی لەم هەڵبژاردنەدا كە زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگی تێپەڕاند، شكستی بە پیلانی نەیاران هێنا و پارتی بەهێزتر بەرگری لە داواكارییەكانی كوردستانیان دەكات.

د. چنار سەعد رای گەیاند، هەموو هەوڵەكانی نەیاران و ڕكابەرەكان لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوەبوو كە  گوشار لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان دروست بكەن، خەڵك برسی بكەن و ژیانی خەڵك تووشی نەهامەتی ببێت، بە مەبەستی ئەوەی كە ئەو خەڵك و جەماوەرە دژی پارتی هان بدەن و پارتی پێ بشكێنن، بەڵام بەم تەوژم و بەم پیلانە كە پیلانێكی زۆر ناشیرین بوو، نەیانتوانی خەڵك چەواشە بكەن.

لە دیمانەیەكدا كە چنار خۆشناو بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامی داوە، رای گەیاند، كابینەی نۆیەم كەناڵی كۆكردنەوەی داهاتی فراوانتر كرد و ستراتیجی خۆی بۆ دروستكردن و فرەكەناڵی گۆڕی، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە بەغدا نەبەستین و هەروەها حكوومەت گەیشتە ئەو باوەڕەی كە نابێ تەنیا پشت بە سەرچاوەكانی وزە ببەستێت، بەڵكو پێویستە پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی گەشتوگوزار بدات، لەسەر خزمەتگوزارییەكان و بنیاتنانی ڕێگەوبان و چارەسەری گرفتی كەمئاوی كێشەكانی كارەبا بەردەوام بێت، ئەمانە هەمووی ئاڵنگاریی زۆر گەورە بوون.

"حكوومەتی هەرێم وێڕای هەموو ئەو كێشانەی كە بۆی دروست دەكران، هەمیشە ئەگەر دەرگایەك دادەخرا، دەرگایەكی تری دەكردەوە، ئەگەر كێشە دروست بكرایە، هەوڵی دەدا كێشەكان بە شێوازێكی تر چارەسەر بكات، ئەمانە لەناو ئەو هەموو ئاڵنگارییانە بوون، كە خۆشبەختانە خەڵكی ئێمە بێ ئومێد نەبوون و پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمیان كرد، چونكە هەستیان كرد، كێشەی بێئاوی و كێشەی كارەبا چارەسەر كرا، ئێستەش كە دەبینن ڕۆژبەڕۆژ ڕێگەوبانەكان خۆشتر و باشتر دەبن، كە دەبینن حكوومەتی ئەلیكترۆنی زیاتر گەشەی پێ دەدرێت و هتد.. ئەمانە وایان كرد بە پێچەوانەوە ئەوانەی پیلانیان بۆ ئەوە دادەنا خەڵك هان بدەن دژی حكوومەت، بەتایبەتی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان خەڵك ئیتر پشت لە پارتی دەكات و دەنگی پێ نادات، ئیتر ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دەبێتە حزبی دووەم و سێیەم هتد... خەڵك هۆشیارتر بوو و پشتیوانی لەو ئومێد و هێزە كرد، كە دەیتوانی ئاڵنگاری بكات و ڕووبەڕووی قەیرانەكان بوەستیتەوە و كوردستان لە قۆناغێكەوە بباتە قۆناغیكی تر" چنار سەعد وای گوت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم