لەسەر كۆمەڵێك دەنگۆ كە لەناو هەوادارانی لاهوور شێخ جەنگی بڵاو كراوەتەوە، گوایە بەمزووانە ئازاد دەكرێت، "وشە" بەدواداچوونی كرد.
رۆژی 22ی ئاب، هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار، دوای دوو سەعات شەڕكردن و كوشتن و بریندار و سووتاندنی چەندان كەس، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ ژمارەیەك لە چەكدارانیان گیران.
لەو كاتەوە تا ئێستە دۆسیەكە بە كراوەیی ماوەتەوە، لاهوور شێخ جەنگی نەبراوەتە بەردەم دادگا، پێشتر "وشە" بڵاوی كردبووەوە كە لە گرتووخانەی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە بۆ كانی گۆمە "لەكاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیشدا، هەر لە كانی گۆمە گیراوە".
زانیارییەكەی ئێستە چییە؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەناو لایەنگرانی لاهوور شێخ جەنگی بڵاو كراوەتەوە، کە بەمزووانە ئازاد دەكرێت لەسەر بنەمای ئەوەی كە یەكێتی كاری پێی نەماوە و تەنیا مەبەستی بووە كە تا دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بگیرێت، ئێستەیش كە هەڵبژاردن تەواو بووە ئازاد دەكرێت.
پەیجەكانی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی هەر كردوویانە بە جەژن، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر لەبارەی بەربوونی بڵاو بكەوە.
"وشە" نەوەستا و بەدواداچوونی لەسەر ئەو دەنگۆیە كرد، دەركەوت هەوڵێك هەبووە لەلایەن چەند كەسایەتییەكی بەریتانی بۆ ئەوەی بەدواداچوون لەسەر دۆسیەكەی بكەن، چونكە لاهوور شێخ جەنگی رەگەزنامەی بەریتانی هەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكە، بەریتانییەكان لەگەڵ چەند كەسێكی نزیكی لاهوور شێخ جەنگی دانیشتوون و وردەكاری دۆسیەكەیان پرسیوە، بەڵام دواتر بۆیان دەركەوتووە جیا لە رەگەزنامەی بەریتانی لاهوور شێخ جەنگی رەگەزنامەی عێراقیشی هەیە، ئەوەیش هۆكار بووە كە زۆر دەستوەردان نەكەن.
ئێستە دۆسیەكە بەمشێوەیە ماوەتەوە، سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی ئەو هەوڵانەی داوە "ئەحمەد ئەسەف" بووە ئەو فەرماندەیەیی نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی كە لە شەڕەكەی 22ی ئابەوە هەڵهاتووە و نەگیراوە.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ئەحمەد ئەسەف لە 48 سەعاتی داهاتوودا تۆمارێكی دەنگی خۆی لەبارەی ئەو هەوڵانە و ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگی لە پەیجەكانی نزیك لە خۆیانەوە، بڵاو بكاتەوە.
ئێستە نازانرێ چەند كەس لە لایەنگرانی لاهوور شێخ جەنگی لە گرتووخانەكاندا ماون، چونكە یەكێتی تەنیا یەكجار رێگەی داوە داودەزگای فەرمی سەردانیان بكەن.
شادمان مەلا حەسەن، سەركردە لە بەرەی گەل كە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكایەتیی دەكات پێشتر رای گەیاندبوو، ئەوانیش هەر نازانن چەند كەس لە گرتووخانەكاندا ماون، چونكە بە قسەی ئەو؛ رۆژانە بە "قورعە" بەردەدرێن.