خانەنشینان ئاگادار دەكرێنەوە

:: AM:11:35:24/11/2025 ‌
كارتی بەشێكی زۆر لە خانەنشینان لە پڕۆژەی هەژماری من تەواو بووە و ئێستە دەتوانن وەریان بگرنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی تشرینی دووەم، هەژماری من لە ئاگادارییەكدا رای دەگەیەنێت، كارتی بەشێكی زۆر لە خانەنشینان لە پڕۆژەی هەژماری من تەواو بووە و ئێستە دەتوانن وەریان بگرنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە "وشە" دراوە، ئێستە ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە هەژماری من تۆمار كراون، گەیشتووەتە یەك ملیۆن مووچەخۆر كە خانەنشینانیشی تێدا هەیە.

جێگەی باسە كە ئەم پرۆسەیە كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لەسەر ئەزموونی خانەنشینان، بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە دەستیان بگات بە مووچەكانیان، لەم مانگەدا ژمارەی ئەو خانەنشینانەی كە مووچەكانیان بە هەژماری من وەردەگرن، زیاترە لە 60,000 خانەنشین لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.

تا ئێستە زیاتر لە یەك ملیۆن مووچەخۆر خۆیان تۆمار كردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگەی باسە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكە زیاتر لە 490 ئامێری ڕاكێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان جێگیر كراون، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەشێوەی 24 سەعاتی بتوانن پارە ڕابكێشن.

پڕۆژەی هەژماری من كە دەستپێشخەرییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا، وەك بەشێك لە بەرنامەی كابینەی حكوومەت بۆ بە مۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان و بەهێزكردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.


وشە - رامیار جەواد