لە شەوی رابردووەوە چەكدارانی یەكێتی هەڵمەتێكی گرتنیان دژی لایەنگرانی لاهوور شێخ جەنگی دەست پێ كردووە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە"، باس لە گرتنی دوو كەسی تر دەكرێت كە پێشتر لە لالەزار چەكدار بوون، بەڵام لە كاتی رووداوەكانی 22ی ئاب لە دەوام نەبوون.
ئەمڕۆ دووشەم 24ی تشرینی دووەم، چەند سەرچاوەیەكی تایبەتی "وشە" ئەوەیان راگەیاند كە دوو كەس پێشتر پاسەوانی لالەزار بوون، شەوی رابردوو لەلایەن مەفرەزەیەكی كۆماندۆی یەكێتییەوە گیراون و بێ سەروشوێنن.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، ئەو دوو كەسەی كە گیراون لە 22ی ئاب لە هۆتێل لالەزار نەبوون و دەوامیان نەبووە، بەڵام تازە هێزێكی یەكێتی لە سلێمانی هەڵیكوتاوەتە ماڵیان و گرتوونی.
22ی ئابی ئەمساڵ، چەكدارانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار و زیاتر لە دوو سەعات شەڕ رووی دا كە تێیدا چەندان كەس بوونە قوربانی بە سووتان و كوشتن و برینداركردن و گیرانیان، ئێستەیش بەشێكی زۆریان لە گرتووخانەی كانی گۆمەن بە لاهوور شێخ جەنگیشەوە.