خوێندنی كوردی لە كەركووك: بڕوامان بە سزا نییە و كچە قوتابییەكەمان بەخشیی

:: PM:04:45:24/11/2025 ‌
لەبارەی گرتەیەكی ڤیدیۆی كە كچە قوتابییەكی خوێندنی كوردی لە كەركووك بڵاوی كردبووەوە و تیایدا لاسایی شێوازی قسەكردنی مامۆستای كۆمەڵایەتییان دەكات، سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و داوای لێبووردن لە مامۆستایان دەكەن. 

ڤیدیۆیەكە هەر زوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، دەركەوت منداڵەكە خەڵكی كەركووكە، پێچەوانەی ئەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لێدوانی لەبارەیەوە دابوو گوتبووی " سزا دەدرێت". سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركووك لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، داوای لێبوردن دەكەین لە سەرجەم مامۆستایان و بەتایبـەت مامۆستایانی پسپۆری كۆمەڵایەتی لە سەرجەم مامۆستایانی كوردستان و هەموو كارمەندانی بواری پەروەردە كە منداڵێك بەهەڵە بەبێ مەبەست و لەسەر بنەمایی منداڵێتی خۆی گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاو بووەتەوە.

دووپات لەوەیش كراوەتەوە كە نە بەڕێوەبەرەكەی و نە هیچ سەرپەرشتیارێك هیچ سكاڵایەكیان نیە و لێبوردانە و مرۆڤانە هەڵسوكەوتمان لەگەڵی كرد، سەرجەم قوتابی و خوێندكار بەمنداڵی خۆمان دەزانین وەك باوك ودایك ئامۆژگاری دەكەین و ڕێنوێنی دەكەین و بڕوامان بەسزا نیە.

هەروەها دووپات دەكەنەوە كە هەموو ئەوەی رووی دا بەقوربانی یەك دڵۆپە فرمێسكی منداڵێكی بێ باوك بێت و گوڵەكانی دیاری دەستی بۆ مامۆستاكانی لەجیاتی هەموو مامۆستایانی كوردستان بەسە بۆ ئێمە و هیچ لەدڵمان نەماوە.

داوایش دەكەن كە باوك و دایكان ڕێگەنەدەن منداڵەكانیان تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بەكار بهێنن یان منداڵەكانیان بەكار بهێنن و بێگەردی سروشتی منداڵی بكەوێتە جێگای مەترسی.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم