نێچیرڤان بارزانی لە ھەولێر لەگەڵ قوتابیانی خولی 20 و بەرپرس و دەستەی كارگێڕی پەیمانگەی پێگەیاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پیرۆزبایی لە قوتابیان كرد بۆ وەرگرتنیان لە پەیمانگەی پێگەیاندنی كادیران. ھەروەھا ڕۆڵی پەیمانگەی بەرز نرخاند كە وەك یەكێك لە دامەزراوە ڕەسەن و گرنگەكانی پارتی، ھەر لە سەردەمی شۆڕشەوە، تا ئەمڕۆ لە ھەموو دۆخێكدا بەردەوام كادیرانی پێگەیاندووە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە گرنگیی ڕۆڵی كادیران كرد كە نوێنەر و سیمای پارتین لەناو خەڵك و جەماوەردا، لەناو حزب و ڕێكخستنەكانیشدا داینەمۆی كاری پارتیەتی و ژیانی ڕێكخستنن.
لەمبارەوە دووپاتی كردەوە كە پێویستە كادیران بەردەوام خۆیان لەگەڵ بیر و پێشكەوتنەكانی سەردەمدا نوێ بكەنەوە و پابەندی دیسپلینی حزبی بن.
دووپاتی كردەوە كە زۆر دۆخ و ڕۆژگاری سەخت ڕووبەڕووی پارتی بوونەتەوە، بەڵام دوای زیاتر لە 79 ساڵ ھێشتا بەھێزترین و گەورەترین حزبە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە حزبێكی زیندووە. ھەروەھا دووپاتی كردەوە كە پارتی بە دڵسۆزان و كادیرانی بە توانا، ھەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و پێشدەكەوێت.