بڕیاره ئه‌مه‌ریكا به‌مزووانه له هه‌ولێر كونسوڵگه‌كه‌ی به فه‌رمی بكاته‌وه كه زیاتر له حه‌وت ساڵ ده‌بێت كاری تێدا ده‌كرێت و به گه‌وره‌ترین كونسوڵگه‌ی وڵاته‌كه له دنیادا هه‌ژمار ده‌كرێت. پڕۆژه‌كه له‌سه‌ر رووبه‌ری 206 هه‌زار مه‌تر دووجا بنیات نراوه كه بڕیاره به‌مزووانه بكرێته‌وه، كونسوڵگه‌كه له دابینكردنی ئاو و وزه پشت به خۆی ده‌به‌ستێت و هیچ ئه‌ركێك ناخاته سه‌ر شانی هه‌ولێر.
ماڵپه‌ڕی pagethink وێنه‌كانی كونسوڵگه‌كه‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێری بڵاو كرده‌وه و وه‌ك له وێنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، به ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی پێشكه‌وتووی بیناسازی بنیات نراوه و به‌شێوه‌یه‌ك دیزاین كراوه كه له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای كوردستان و ژینگه‌ی ناوچه‌كه بگونجێت، شوێنه‌كه‌ی زۆر له‌بار و دڵگیر و خۆش ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له كونسوڵگه‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن.
ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماژه‌ی داوه كه بنه‌مای سه‌ره‌كیی بنیاتنانی كونسوڵگه‌یه‌كی وا گه‌وره له هه‌ولێر، بۆ متمانه و رێزی ئه‌مه‌ریكا له به‌ها دیموكراسییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. هاوكات باسی له‌وه كردووه كه كونسوڵگه‌كه زۆر تایبه‌ته و له كونسوڵگه‌یه‌كی ئاسایی ناچێت، به‌ڵكو جگه له‌وه‌ی شوێنی دیپلۆماسییه، له هه‌مان كاتدا شوێنی ژیانێكی شایسته و شارستانییه بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی، چونكه ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیانی تێدا دابین كراوه.
له ناو كونسوڵگه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك باڵه‌خانه و هوتێل و پێداویستییه‌كانی وه‌رزش و شوێنێكی ئارام و كراوه و سه‌قامگیر دابین كراوه. پڕۆژه‌كه هه‌شت میل له سه‌نته‌ری هه‌ولێر دووره و له ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتووی پاراستنی ئاو و پاراستنی وزه سوود وه‌رگیراوه، ته‌واوی رووبه‌ره‌كه‌ی كراوه‌ته سێبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌رمای هاویندا به وزه‌یه‌كی كه‌متر فێنك بكرێته‌وه، جگه له‌مه پله‌كانی گه‌رما له‌و شوێنه 10 تا 15 پله جیاوازی له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی تر هه‌یه.
كونسوڵگه‌كه هۆڵی زۆر پێشكه‌وتووی تایبه‌ت به كۆبوونه‌وه و كۆنفرانسه‌كان له‌خۆ ده‌گرێ، هه‌ر له شوێنه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك تابلۆ و به‌رهه‌می هونه‌ریی هاوچه‌رخ له رێگه‌ی پرۆگرامی ''هونه‌ر له ناو باڵوێزخانه‌كان'' خراونه‌ته روو.
ماڵپه‌ڕه‌كه باسی له پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا كردووه كه چه‌ندان ده‌یه‌یه به پته‌وی ماوه‌ته‌وه و بنیاتنانی پڕۆژه‌یه‌كی ئاوا گه‌وره، ئه‌م راستییه ده‌سه‌لمێنێت كه ئه‌مه‌ریكا له پاڵپشتییه‌كانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه، له كاتێكدا خه‌ڵكی كوردستانیش خه‌ریكی ئه‌وه‌ن ئاینده‌یه‌كی زۆر گه‌شتر بۆ خۆیان بنیات بنێن.
پێویسته بگوترێ ڕۆژی شه‌شی ته‌مووزی 2018 به‌ردی بناغه‌ی كونسوڵگه‌كه دانرا، ئه‌وكات وا بڵاو كرایه‌وه كه به گوژمه‌ی 795 ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ ده‌كرێت. كونسوڵگه‌كه له‌سه‌ر رووبه‌ری 206 هه‌زار مه‌تر دووجا بنیات نراوه و كه‌وتووه‌ته نزیك شه‌قامی 150 مه‌تریی هه‌ولێر له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر- پیرمام.
كۆمپانیای EYP ئه‌مه‌ریكی پڕۆژه‌كه‌ی بنیات ناوه و جۆرێك دیزاین كراوه، هیچ زیانێكی بۆ سه‌رچاوه‌ی ئاو و وزه‌ی هه‌ولێر نییه و به ته‌واوی سه‌ربه‌خۆیه، چونكه خۆیان ئاوه‌ڕۆكه‌ی ده‌پاڵێون و دووباره به‌كاری ده‌هێننه‌وه، بۆ دابینكردنی وزه‌ش سوود له وزه‌ی خۆر وه‌رده‌گرن. شوێنه‌كه به ته‌واوی ئاسایشی وشكانی و ئاسمانی بۆ دابین كراوه و له هه‌ر جۆره هێرشێكی ده‌ره‌وه، پارێزراوه و سیستمی زۆر پێشكه‌وتووی دژه مووشه‌كی بۆ دابین كراوه.