سبەی پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە

:: AM:08:35:30/11/2025 ‌
بڕیارە سبەی دووشەم شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێـتی كۆببنەوە و لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و ئەو ناكۆكییانەی هەیە گفتوگۆی رژد بكەن.

پارتی و یەكێتی دوو حزبی سەرەكیی كوردستانن و هەردووكیان سنوورێكی زۆری جیۆگرافی هەرێمی كوردستانیان لە رووی ئیدارییەوە لە ژێر دەسەڵاتدایە، بۆیە لە دوای ساڵی 1991 هەمیشە پێكەوە حكوومەتیان بەڕێوە بردووە.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئێستە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، دەیەوێت جارێكی تریش لەگەڵ یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گفتوگۆ بكات و چارەسەری هەموو ئەو كێشانە بكات كە كەوتووەتە نێوانیان، بەڵام پێشی باشە هەر لایەنێك بەپێی سەنگ و قورسایی كورسییەكانی لە حكوومەت بەشداریی بكات.

هاوكات پارتی دەرگەی بۆ حزبەكانی تریش كردووەتەوە بەشداری حكوومەت بكەن و لەگەڵیان لە گفتوگۆدایە.

چیا هەركی یاریدەدەری مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ئەم هەفتەیە شاندی دانوستانكاری پارتی سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی دووشەم سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات.



وشە - سۆران عەزیز