بافڵ تاڵەبانی بڕیاری ناردنی كەیسی لاهوور شێخ جەنگیی بۆ دادگا دواخست

:: PM:03:41:30/11/2025 ‌
هەرچەندە بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی رەوانەی دادگای سلێمانی بكرێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ بڕیارەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوە دوای ئەوەی لەلایەن بەشی یاسایی مەكتەبی سیاسیی پێشنیاری دراوەتێ‌ كە دۆسیەكە كەموكوڕی یاسایی تێدایە. 

رۆژی 22ی ئابی ئەمساڵ، چەكدارانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار و دوای دوو سەعات و نیو شەڕكردن و كوشتن و سووتاندنی چەندان كەس لە هۆتێل لالەزار، لاهوور شێخ جەنگی و براكەی گیران، جیا لەوانیش تا ئێستە زیاتر لە 150 كەسی تر لە گرتووخانەكانی یەكێتیدان. 

بڕیار بوو ئەم هەفتەیە دۆسیەیەك بۆ لاهوور شێخ جەنگی دروست بكرێت و رەوانەی دادگای سلێمانی بكرێت، بەڵام دوای خوێندنەوەی دۆسیەكەی لەلایەن بەشی یاسایی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی ئاگادار كراوەتەوە كە دۆسیەكە كەموكوڕی تێدایە و ئەوەیش هۆكار بووە بە دواخستنی ناردنی دۆسیەكە بۆ دادگا. 

ئەمڕۆ یەكشەم 30ی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە "وشە"ی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی ئەم بەیانییە گوتوویەتی كە دۆسیەی لاهوور جارێ‌ بۆ دادگا رەوانە نەكرێت، بەڵام ئاساییە ئەگەر موحسین خۆشناو و دارودەستەكەی رەوانەی دادگا بكرێن. 

بەهۆی ئەوەی دۆسیەكەی ئاڵۆزە و تەنیا ددانپێدانانێكی گرووپێك هەیە كە گومان لەسەر دروستكردنی هەیە، رێك ناكەوێ‌ رێڕەوی یاسایی بۆ دۆسیەكە دروست بكرێت.

پێشتر ماڵباتی لاهوور شێخ جەنگی نەك گومانیان لەوە هەبوو كە دۆسیەیەكی بۆ دروست بكرێت، بەڵكو گومانیان لەوەیش هەیە لە دادگاكانی سلێمانی دادگایی بكرێت. 




وشە - وشه‌