دەرباز كۆسرەت یەكێتییەكانی هەولێر تەسفیە دەكات

:: PM:04:16:30/11/2025 ‌
دەرباز كۆسرەت رەسووڵ دەستی بە تەسفیەكردنی یەكێتییەكانی هەولێر كردووە، سەرەتایش لە ئەیووبە گڕەوە دەستی پێ كرد كە فەرماندەی لیوایەك بوو. 

"وشە" بەدواداچوونی لەسەر ئەو كارەی دەرباز كۆسرەت رەسووڵ كرد و بۆی دەركەوتووە، ئەو كارەی دەستی داوەتێ‌ بەبێ‌ ئاگاداری بافڵ تاڵەبانییە و تەسفیەكردنەكەیش سنووری هەولێر تێپەڕ ناكات. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوە تایبەتەكانەوە دراون بە "وشە"، دەرباز كۆسرەت رەسووڵ تۆڵەی ئەو بێ‌ رۆڵییەی دەكاتەوە كە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رووبەڕووی كرایەوە، چونكە لە سەرەتای بانگەشەوە تا كۆتایی هەڵبژاردن، هیچ رۆڵێك بە كوڕانی كۆسرەت رەسووڵ لە هەولێر نەدرا، بەڵكو قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی بازنەی هەولێری دەركرد. 

كەسێكی نزیك لەو ماڵباتە، بە "وشە"ی گوت، تەسفیەكردنەكە زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر هاوكاریی قوباد تاڵەبانی بوون لە هەولێر، یەكێكیش لەوانە ئەیووبە گڕە بوو كە ماڵ بە ماڵ لە گەڵ قوباد تاڵەبانی دەگەڕا و لە نازەنینیش ئاهەنگێكی بۆ ساز كردن. 

دەرباز كۆسرەت رەسووڵ تێگەیشتووە كە بافڵ تاڵەبانی، ماڵباتەكەی ئەوانی بێ‌ بەها كردووە تەنانەت پێیان رەوا نابینرێ‌، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە شاڵاو كۆسرەت بدەن و دوو كاندیدی تریان لە بەرانبەری داناوە كە بەهێزەكەیان د. میران محەمەدە. 

هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی رووی لە ماڵی كۆسرەت رەسووڵ كردووە، ترسی لای ئەو باڵە دروست كردووە كە بە جێگیربوونی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر، ئەوان بە تەواوی رۆڵیان نەمێنێ‌.


وشە - وشه‌