بەشێك لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی كرایەوە كە كابینەی نۆی حكوومەت دروستی كرد

:: AM:09:45:03/12/2025 ‌
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕای گەیاند، بە مەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، هەردوو سایدی سەرەكیی قۆناغی یەكەمی شەقامی 100 مەتریی شارەكەیان كردەوە، ئەوەش پێش وادەی دیاریكراوی تەواوبوونی یەكجارەكیی پڕۆژەكە.

لە 11ی تەمووزی 2020، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی (شاڕێی بابان)ـی دانا و بودجەی ئەم پڕۆژەیە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین كراوە.

شارەوانی لەبارەی شێوازی هاتوچۆ لەم شەقامەدا ڕای گەیاندووە، ئاراستەی كەركووك بەرەو ڕێگەی قەرەداغ بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەبێت، بەڵام سایدی ڕۆیشتوو لە ڕێگەی قەرەداغەوە بۆ تاسڵووجە، بەهۆی تەواونەبوونی پردی تاسڵووجەوە، دەخرێتەوە سەر ڕێگەی سلێمانی- كەركووك".

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، كردنەوەی ئەم بەشەی شەقامەكە لەسەر داواكاریی زۆری هاووڵاتییان بووە، بە مەبەستی كەمكردنەوەی لۆدی ترافیك و قەرەباڵغیی ناوشار، بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، هەرچەندە كاتی كردنەوەی تەواوی شەقامی 100 مەتری بە فەرمی دەكەوێتە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو، بەڵام كاركردن لە بڕگە و قۆناغەكانی تری پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكار و بە سەرپەرشتیی فەرمانگەی پێوەندیدار، تا تەواوكردنی سەرجەم بڕگەكان بەردەوام دەبێت.

لە كۆتاییدا شارەوانیی سلێمانی وێڕای پیرۆزبایی لە هاووڵاتییان، داواكارە لە شۆفێران پابەندی ڕێنوێنییەكان و خێرایی دیاریكراوی شەقامەكە بن.



وشە - رامیار جەواد