سەرۆك بارزانی: پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكەم كە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و بەهێزكردنی برایەتی بكات

:: PM:12:24:06/12/2025 ‌
ئەمڕۆ شەموو شەشی كانوونی یەكەم، ئامینە زیكری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی لە ئیستانبوڵ، پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان خوێندەوە. 

سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا دووپاتی كردووەتەوە: "دیالۆگ و لێكگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی و لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی براوە دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەك وانە لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگرن.

سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەربڕی و گوتی: "پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە حكوومەتی توركیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان دەكەم كە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن ڕەخساندووە."

سەرۆك بارزانی لە كۆتایی پەیامەكەیدا دووپاتی كردەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكات كە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و بەهێزكردنی برایەتی و پێكەوەژیانی گەلانی ناوچەكە بكات.

كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی، لەلایەن دەم پارتییەوە ڕێكخراوە، ئەمڕۆ دەستی پێ كردووە و تا سبەی یەكشەم حەوتـی كانوونی یەكەم، بەردەوام دەبێت. 

لە هەرێمی كوردستانەوە دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئامینە زیكری نوێنەری سەرۆك بارزانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری مەسروور بارزانی، دارا خەیلانی نوێنەری بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگهێشت كراون.
 

دەقی گوتاری سەرۆك بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان هاوسەرۆكانی دەم پارتی، بەڕێزان ئەندامانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی، ئامادەبووانی بەڕێز، ڕۆژتان باش، سڵاوێكی گەرم لە هەمووتان بێت.

لە سەرەتادا دەمەوێت سوپاس و دەستخۆشی خۆم ئاراستەی ڕێكخەرانی ئەم كۆنفرانسە بكەم. هیوادارم ئەنجام و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك، خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی كێشەكان و پێداویستییەكانی سەردەم و قۆناغی نوێ بكات.

بەڕێزان...

دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەموو ئاماژەكان دیاریكەری دەستپێكێكی نوێن، كە دەكرێت پڕ بێت لە ئاستەنگ، یان پڕ بێت لە هەلی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێكی سەربەرز و بەڕوومەت و ئاشتییانە بۆ گەلانی دەڤەرەكە.

پێویستە هەموو لایەنەكان وانە لە هەڵەكانی سەردەمانی ڕابردوو وەربگرن و بە هەناسەیەكی نوێ و تێڕوانینێكی ڕوون و پڕ لە باوەڕ و هیواوە، ڕەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەكاندا بكەن.

هەردەم دیالۆگ و لێكگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكان، و لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی مفادار (سوودمەند) دەبێت.

بەڕێزان...

پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە حكوومەتی توركیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان و هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری و دانوستاندن ڕەخساند.

لە لایەن خۆمەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكەم كە خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و بەهێزبوونی برایەتی و پێكەوەژیانی گەلانی دەڤەرەكەمان بكات.

هیوای سەركەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم، بمێنن لە خۆشی و خێردا.

مەسعوود بارزانی
6ی كانوونی یەكەمی 2025



وشە - سۆران عەزیز