لە سنووری كەركووك بە هێواشی و بێدەنگی دەست بەسەر جووتیارانی كورد دەگیرێت و یاسا پێشێل دەكرێت، بەرپرسانی ئیدارەی كەركووكیش هیچ قسەیەكیان نییە، جووتیارانیش بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی بەرپرسانی سەربازیی سنوورەكەدان.
بڕیاری چەند ساڵێك پێش ئێستە عێراق بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی سەربازی لەسەر زەوییەكانی گوندی تۆپزاوەی كەركووك، ناڕەزایەتیی زۆری لێ كەوتەوە، ئەوەش وایكرد ئەو بڕیارە لە سەرەتا بە خۆپێشاندان رابگیرێت، ساڵی رابردوو یاسایەكی تایبەت دەرچوو، بەڵام هێشتا كاری پێ ناكرێت.
عەبدولكەریم مەغدید جووتیارێكی سنووری تۆپزاوەیە، نزیكەی 150 دۆنم زەویی بەبەر ئەو پرۆسەیە كەوتووە و دەڵێت، لە كەركووك یاساش جێبەجێ ناكرێت كە عەرەبەكان خۆیان دەنگیان پێ داوە، ئەوەیش بەهۆی لاوازیی ئیدارەی كەركووك.
ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، نزیكەی ساڵێكە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی جووتیاران دەرچووە، بەڵام بەهۆی ڕێككەوتنی ژێربەژێری لایەنێك لەگەڵ شۆڤێنییەكان و عەرەبە هاوردەكان، تا ئێستە ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
"بەپێی یاساكە تا دەرچوونی ڕێنوێنی، نابێت ئەو زەوییانە كاریان لەسەر بكرێت، كەچی عەرەبە هاوردەكان بە پشتیوانیی سوپا، زەوییەكان دەكێڵن و جووتیارانی كورد كە زەوییەكە هی خۆیانە، بۆیان نییە لێی نزیك ببنەوە، بەشێكیشی وا دەكرێتە سەربازگە"، ئەو جووتیارە وای گوت.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، پارێزگاری كەركووك كە كوردە، هیچ دەنگی نییە و بە بەرچاویەوە ئەو غەدرە لە كورد دەكرێت و هیچ هەڵوێستێكی نییە.
رەوەند مستەفا كە راوێژكارێكی یاساییە، بە دواداچوونی بۆ جووتیارانی ئەو سنوورە كردووە، بۆ "وشە" دەڵێت، نزیكەی 150 جووتیاری كورد و توركمان لە گوندی تۆپزاوە لە باشووری كەركووك، زەوییەكانیان داگیر كراوە كە رووبەرەكەی چوار هەزار دۆنم دەبێت، ئەم زەوییانە داگیر كراون و دەیانەوێت بیكەن بە یەكەی نیشتەجێبوون.
دەشڵێت، سوپای عێراق لە دادگای كەركووك سكاڵا دژی جووتیارانی كورد تۆمار دەكات، داوای دوو هەزار دۆنم زەوی لە جووتیارانی گوندی تۆپزاوە دەكات كە ڕژێمی پێشوو دەستی بەسەردا گرتبوو، دواتر داویەتی بە وەزارەتی بەرگریی، جووتیارانی كوردیش كە تاپۆی سەردەمی عوسمانییان هەیە، دەڵێن ئەو زەوییانە موڵكی باب و باپیرانمانە و ڕادەستی هیچ كەسێكی ناكەین.
روونی كردەوە، ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانی ئەوەیە، یاسای گەڕانەوەی زەوییەكان هەیە، بەڵام بەرپرسانی كەركووك بە بیانووی نەبوونی رێنوێنی، خۆیان لەو پێشێلكارییانە بێدەنگ كردووە، بۆیە داگیركارییەكە بەردەوامە، هەر ئەوەش نییە، بەڵكو سوپا ئێستە بەبێدەنگی دەستی كردووە بە دروستكردنی پەرژین بۆ ئەو زەوییانە و دەیەوێ دایبڕێت.
ئەو زەوییانە مێژووی خاوەندارێتییان بۆ نزیكەی سەدەیەكە، لە باب و باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە و تاپۆی ڕەشی عوسمانییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سوپای عێراق بەبیانووی ئەوەی زەوییەكان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەستیان بەسەردا گیراوە و خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی، سكاڵایان لە جووتیارانی كورد كردووە.
كۆی ئەو زەوییانەی كە خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی و سوپای عێراق، ئێستە داوایان دەكات، دوو هەزار دۆنمە كە بەپێی مادەی 140 نابێت هیچ گۆڕانێكیان تێدا بكرێت تا كێشەكان یەكلا دەكرێنەوە.
ئەنجوومەنی ناوچەكەش بۆ "وشە" دەڵێن، ئێمە لەگەڵ جووتیارانداین، چونكە جووتیارانی تۆپزاوە بە توركمان و كوردەوە كە زیانمەندی یەكەمن، چ بە ئێمە و چ بەیاسا دەكرێت ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت، نەك بە سكاڵا و هەڕەشە.
گوندی تۆپزاوە لە ساڵی 1988 وێستگەی ئەنفالی كورد بووە، داگیركردنەوەی زەوییەكانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە، ئەنفالێكی ترە و بەرپرسانی كەركووكیش خۆیان بێدەنگ كردووە، ئێستەش وەرزی داچاندنە، بەڵام جووتیارانی كورد لەناو كۆمەڵێك گوشاردا بەشێكیان زەوییان دەكێڵن و بەشێكیشیان بێبەش كراون.