بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ كاتی مامەڵەی حاجیان بۆ چوونە حەج كۆتایی دێت، ئەوانەشی مامەڵەیان نەكردبێت، كەسانی تر شوێنیان دەگرنەوە.
ئەمڕۆ دووشەم هەشتی كانوونی یەكەم، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە"وشە"رای گەیاند، دووجار لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و حاجیان، ماوەی مامەڵەی حاجیان درێژ كرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ تەواو دەبێت.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ كاتەكە تەواو دەبێت و درێژ ناكرێتەوە، دوای ئەمڕۆ یەدەگەكان شوێنی ئەوانە دەگرنەوە كە نەهاتوون بۆ مامەڵەكانیان، ئەوان ئاگادار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی مامەڵە بكەن.
روونی كردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ تەواوبوونی دەوامی فەرمی، مامەڵەی حاجیانیش دەوەستێت. ئەوانەی ناویان دەرچووە، دەتوانن لە نووسینگەكانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ و راپەڕین، مامەڵەكانیان تەواو بكەن.
بەپێی ئەو كاتەی لە سعوودیە دیاری كراوە، پێویستە تا ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی 2026، هەموو رێكارەكان بۆ پرۆسەی حەج تەواو بووبن.
مانگی رابردوو لە رێوڕەسمێكدا بەشێوەی ئەلیكترۆنی، تیروپشك بۆ ئەو كەسانە كرا كە ناویان تۆمار كردبوو بچنە حەج. پشكی هەرێمی كوردستان بۆ چوونە حەج پێنج هەزار و 135 كەسە.