بەناوی عومرە قۆڵی 200 كەس دەبڕێت

:: PM:03:34:08/12/2025 ‌
لەلایەن كەسێك كە بە حاجی ناسراوە لە كەڵەكچی، قۆڵی نزیكەی 200 كەس دەبڕێت و پارەكەیان دەبات و ئێستە نازانرێ لە كوێیە.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كەسێك لە كەڵەكچی بە حاجی ناوبانگی دەركردووە، قۆڵی نزیكەی 200 كەسی بڕیوە بەناوی ئەنجامدانی فەریزەی عومرە بۆ سعوودیە.

ئەو كەسە هەڵساوە بە وەرگرتنی بڕی 100 دۆلار لەهەر كەسێك كە ئارەزووی عومرەی هەیە و پێی گوتوون، گەشتی عومرەتان بۆ ئەنجام دەدەم زۆر بە هەرزانتر، ئەو 100 دۆلارەش بۆ ڤیزە و خەرجی رێگەیە.

ئەو كەسە لە رەمەزانی رابردووەوە سەرقاڵی ئەو كارە بووە، ئێستە خەڵكەكەی لێی تێگەیشتوون كە فێڵە، بۆیە كابراش هەڵاتووە.

بەرپرسانی ئەو سنوورەش دەڵێن تا ئێستە كەس نەهاتووە سكاڵا لەسەر ئەو كەسە تۆمار بكات.



وشە - رامیار جەواد