كوردانی سوید، لە ستۆكهۆڵم ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی رۆژی 17ی ئە مانگە، بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، رۆژی ئاڵا لە ناوەندی وڵاتەكەدا بكەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەم، هەشتی كانوونی یەكەم، سەلام كوردە، بەرپرسی ناوەندی رەوەندی كوردستانی لە ستۆكهۆڵم، بە "وشە"ی راگەیاند، ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بۆ ئەوەی لە 17ی ئەم مانگەدا، لە ناوەندی سوید رۆژی ئاڵای كوردستان بكەنەوە و ئاڵای كوردستان بە بەرزی هەڵبكەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لە لۆكاڵی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە ستۆكهۆڵم دەستەی كارگێڕیی رەوەندی كوردستان لە سوید، بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ئەو رۆژە بەرز رادەگرن.
روونیشی كردەوە، لە سەعات 18 تا 20 رێوڕەسمەكە بەڕێوە دەچێت، داوای لە كوردانی ئەو وڵاتە كرد بەشدار بن لەو رۆژە گرنگە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان.
ساڵانە لە رۆژی 17ی كانوونی یەكەمدا، خەڵكی كوردستان بەبۆنەی رۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ئاهەنگ و رێوڕەسم ساز دەكەن.
بۆ یەكەمجار بە فەرمی لە 17ی كانوونی یەکەمى 1945، ئاڵای كوردستان لەسەر شارەوانیی شاری مهاباد هەڵكرا، رۆژی 22ی كانوونی دووەمی 1946 كۆماری كوردستان راگەیەنرا و ئاڵای كوردستان لەسەر دامەزراوە فەرمییەكانی كۆمار هەڵكرا، ئەو رۆژە بە وەرچەرخانێكی گرنگ لە مێژووی سیاسیی گەلی كورد هەژمار دەكرێت.
لە رۆژی 19/6/2009، پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48، بە كۆی دەنگ رۆژی 17ی كانوونی یەكەمی بە رۆژی ئاڵای كوردستان دەستنیشان كرد، ساڵانە لەو رۆژەدا لە هەرێمی كوردستان ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت.
ڕەنگەکانى ئاڵاى کوردستان:
رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەكسانی.
رەنگی زەرد: رووناكی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.