ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "هەواڵ و میدیا" لە پلەی دووەمی عێراقدایە

:: AM:11:45:09/12/2025 ‌
بەپێی نوێترین پۆلێنكردنی ماڵپەڕی جیهانیی (SimilarWeb) بۆ شیكاریی داتای ئینتەرنێت، ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (gov.krd) پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق لە بەشی "هەواڵ و میدیا" تۆمار كردووە.

بەگوێرەی شیكارییەكان، پێشكەوتنی ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەت، ئاماژەیە بۆ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە شێوازی پێوەندیی نێوان هاووڵاتییان و حكوومەت، ئەمەش لەسەر چەند پایەیەكی سەرەكی وەستاوە، لەوانە ماڵپەڕی (gov.krd) توانیویەتی وەك سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری و داتا فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لای هاووڵاتییان و میدیا و میدیاكاران خۆی جێگیر بكات، بەو پێیەی بۆ دڵنیابوونەوە لە هەواڵەكان و بڕیارەكان، ڕوو لە پێگەی فەرمیی حكوومەت دەكەن، چ لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی لینك و زانیارییەكان لە سەكۆكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان لە ڕێگەی گەڕان و كردنەوەی (gov.krd)، ئەمەش وایكردووە ئاستی سەردانكردنی ماڵپەڕەكە بەو شێوەیە بەرز بێتەوە.

لە ماوەی كابینەی نۆدا، پێگەی فەرمیی حكوومەت بووەتە سەكۆیەكی میدیایی یەكگرتوو؛ ماڵپەڕی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستە نەبەستراوەكان بە وەزارەت و چەند داودەزگای تری حكوومەت، لەناویدا كۆ كراونەتەوە و لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بەڕێوە دەبرێن.

پێگەی فەرمیی حكوومەت، جگە لەوەی بەشێوەیەكی بەردەوام و ڕۆژانە، ناوەڕۆك بە زمانەكانی (كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) پێشكەش دەكات، هەروەها بڕیارەكان و ڕاپۆرتی داتا و كار و چالاكیی سەرجەم داودەزگاكانی حكوومەت لەخۆ دەگرێت، هاوكات خزمەت و ڕێنوێنییەكان پێشكەش دەكات، كە كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەكات تا كاروبار و مامەڵەكانیان ئەنجام بدەن.

ئەم پۆلێنكردنەی (SimilarWeb) سەلمێنەری ئەوەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوی گەورەی لە بواری گۆڕانی دیجیتاڵیدا ناوە و توانیویەتی پردێكی پێوەندیی ڕوون و متمانەپێكراو لەگەڵ هاووڵاتییان، میدیا، میدیاكاران، توێژەران و ئەكادیمستان دروست بكات.


وشە - رامیار جەواد