دوا زانیاری لەبارەی دۆخی چەمچەماڵ

:: PM:03:49:09/12/2025 ‌
بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانە كە لە شەوی ڕابردووەوە سنوورەكەی گرتووەتەوە، لە چەمچەماڵ لافاو دروست بوو، بەگوێرەی قسەی تەندروستیی سلێمانی، دوو كەس بەهۆی لافاوەكەوە خنكاون. 

ئەمڕۆ سێشەم نۆی كانوونی یەكەم، لە چەمچەماڵ لافاو دروست بوو، فریاگوزاری سلێمانی، بە "وشە"یان راگەیاند كە بەهۆی لافاوەكەوە دوو كەس خنكاون، ئێستە تیمەكانیان لەناو چەمچەماڵدان بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ببنەوە. 

ئاماژەیان بەوە كرد، ئاو چووەتە زۆربەی فەرمانگە و ماڵەكانی چەمچەماڵ و دۆخێكی خراپ لەناو شارەكەدا دروست بووە. 

لەلایەكی ترەوە هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگەدارییەكدا، داوای لە هاووڵاتییان كردووە كە بە هیچ شێوەیەك رێگەی چەمچەماڵ بەكار نەهێنن و بە بڕیاری لیژنەی تەناهیی پارێزگاكەیش بازگەی تاسڵووجەیش داخراوە. 

بەرگریی شارستانیی سلێمانی كە ئێستە لە هەموو كاتێكدا زیاتر سەرقاڵن، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و داوایان لە هاووڵاتییانی سلێمانی و دەوروبەری كردووە كە بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت، لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە. 

ڤیدیۆ و گرتەی كاریگەریی لافاوەكەی چەمچەماڵ لە سۆشیال میدیادا بڵاو كراونەتەوە كە دەیان ئۆتۆمبێل و شوێنی كاسبكاران ئاو بردوونی. 

هەر ئەمڕۆ هاتوچۆی سلێمانی، بە "وشە"یان راگەیاند، تا ئامادەكردنی ئەو هەواڵە، رێگەی نێوان كەركووك بۆ چەمچەماڵ داخراوە و سەتان ئۆتۆمبێلیش لە بانی مەقان گیریان خواردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا رێگەكە ئاسایی بكرێتەوە. 

لە دوێنی ئێوارەوە شەپۆلێكی چڕی باران ناوچەكەی گرتووەتەوە، پشكی شێر بەر سلێمانی كەوتووە، كەمێك لەمەوبەر كەشوهەوای هەرێمی كوردستان هەواڵێكی تری بڵاو كردەوە كە شەپۆلێكی تری باران روو لە ناوچەكە دەكات. 

هەموو هەوڵی تیمەكان بۆ ئەوەیە كە گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیمەكانی راسپاردووە بە هەموو جۆرێك پاڵپشتی خەڵكی چەمچەماڵ بكەن تا دۆخەكەیان ئاسایی دەبێتەوە. 

رەمەك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ، بە "وشە"ی گوت، ئاو چووەتە چەند فەرمانگەیەكی حكوومەت و گەڕەكەكانیش زۆرینەی ژێرئاو كەوتوون، ئێستە هێڵی گەرمی 100 كراوەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە حاڵەتی زۆر پێویست پێوەندی بكەن. 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم