نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە تیمی دەزگای روانگە كرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا پوختەیەك لەبارەی كار و چالاكییەكانی دەزگای روانگە و پلان و بەرنامەكانیان بۆ داهاتوو، خرایە ڕوو. لەمبارەیەوە باس لەو بوارانە كرا كە تیایدا خزمەت دەكەن، وەك بوارەكانی خێرخوازی، دەستگیرۆیی لێقەوماوان، تواناسازیی گەنجان، توێژینەوە، خوێندن و پەروەردە، كولتوور، دۆزینەوەی هەلی كار، ژینگەپارێزی، تەندروستی و چەندین بواری تر لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و عێراق.
نێچیرڤان بارزانی، وێڕای دەستخۆشی؛ ستایشی كار و خزمەتەكانی دەزگای روانگەی كرد، بەتایبەتی لە بواری پشتگیركردن و پێگەیاندنی گەنجان و هاوكاریكردنی كەرتی پەروەردە و برەودان بە تواناسازیی لاوان. هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و هەموو پشتگیرییەكی بۆ بەردەوامی و سەرخستنی كار و پڕۆژەكانیان دووپات كردەوە.