بارەگای بارزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕادەسپێرێت بە هانای لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و کەرکووکەوە بچێت

:: PM:10:26:09/12/2025 ‌
ئەمڕۆ سێشەم، نۆی کانوونی یەکەمی 2025، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو سێ هاووڵاتییە کرد کە بەهۆی لافاوەوە لە سنووری چەمچەماڵ و لەیلانی کەرکووک گیانیان لەدەست دا. هاوکات، دەزگای خێرخوازیی بارزانیی ڕاسپارد کە بە زووترین کات بە هانای لێقەوماوانەوە بچێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی بارەگای بارزانی:
"بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەداخێکی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەیلان لە کەرکووک سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان دەکەین و لە خودای گەورە داواکارین گیانی خوالێخۆشبووان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە کەسوکاریان ببەخشێت و هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین.
داواش لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین کە بە زووترین کات بە هانای لێقەوماوان و زیانلێکەوتوانی ئەو ڕووداوە بچن و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ یارمەتیدانیان ئەنجام بدەن."


وشە - پۆڵا مەحموود