دەزگای خێرخوازیی بارزانی و روانگە و كوردستان فاوندەیشن هاوكاری دەگەیەننە چەمچەماڵ

:: AM:09:07:10/12/2025 ‌
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی كانوونی یەكەم، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، هاوكارییەكانیان گەیاندە چەمچەماڵ و شارەدێی شۆڕش و ناوچەكە.

ئیسماعیل عەبدولعەزیز ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ "وشە" گوتی، ئەو تیمەی چووەتە چەمچەماڵ، تیمی بەهاناوەچوونی خێرایە و هاوكارییەكان دەگەیەنێتە زیانلێكەوتووانی لافاوەكە.

باسی لەوەش كرد، دوای گەیشتنی تیمەكەمان بە چەمچەماڵ، خەمڵاندن بۆ قەبارەی زیانەكان دەكرێت، هەروەها هاووڵاتییانی زیانلێكەوتوو ناونووس دەكرێن و بەپێی پێویست هاوكاری دەكرێن.

ئیسماعیل عەبدولعەزیز گوتی: ئێستە 10 بارهەڵگری هاوكاری گەیەنراوەتە چەمچەماڵ، هاوكارییەكان پێكدێن لە جلوبەرگ، كەلوپەلی ناوماڵ، خواردن و پێداویستی تەندروستی.

دووپاتی لەوەش كردەوە، "بەیانیی ئەمڕۆ خواردن بەسەر زینلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ دابەش دەكەین، تا هاووڵاتییان پێویستیان بە ئێمە بێت، لە خزمەتیاندا دەبین".

لەلایەكی ترەوە كوردستان فاوندەیشن ڕای گەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێداویستیی فریاگوزاری و هێزی مرۆیی لە ڕێگەی تیمە خۆبەخشەكانەوە بۆ لێقەوماوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ دابین دەكات.

هاوكات دەزگای روانگە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، دوای لافاوەكەی چەمچەماڵ كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتی و زیانی مادی بۆ ژمارەیەكی زۆر خێزان، ئەوان لە پێوەندیدان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
 
هەروەها دەزگاكە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی (JCC) لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لەسەر هێڵە و ئامادەیی هەموو هاوكاری و هاوئاهەنگییەكی دەربڕیوە بۆ بەدەمەوەچوونی لێقەوماوان، بەپێی توانای دەزگاكە و ئەو ئەركانەی لەلایەن لایەنی پێوەندیدارەوە بۆیان دیاری دەكرێت."
 
بەهۆی لافاوەكەی رۆژی سێشەمەوە لە چەمچەماڵ، دوو كەس و لە گوندێكی سنووری لەیلان و منداڵێك گیانیان لە دەست دا، زیانێكی زۆری مادیش بە خەڵكی ناوچەكە گەیشتووە.

لای خۆشیەوە هێمن میرانی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ، ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان، هەڵمەتی فراوانی كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ كەسوكارمان لە چەمچەماڵ و شوێنە زیانلێكەوتووەكانی تر دەست پێ كردووە. 

ئەوەشی گوتووە، ئەمڕۆ بە بەشداریی چەند دامەزراوەیەكی ناحكوومی و خێرخوازی و هاووڵاتییان، دەست و رۆحی كوردانەی برایەتی دەگاتە لێقەوماوان.




وشە - سۆران عەزیز