قایمقامییەتی كەلار رای دەگەیەنێت، ئێستە مەترسیی لافاو لەسەر كەلار هەیە و پێویستە ئاگاداربن، لە چەند شوێنێكی تر مەترسی هەیە ببێتە لافاو.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی كانوونی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی قایمقامی كەلاردا هاتووە، هاووڵاتییان تكایە ئاگادار بن مەترسیی لافاوی بەهێز هەیە بۆ كەلار.
ئەوە لە كاتێكدایە لە سنووری چەمچەماڵ و سەیدساق و شارەدێی شۆڕش و چەند شوێنێكی تر لە ئێوارەی دوێنێوە بووەتە لافاو.
هاوكات سەرجەم ئەو بەنداوانەی لە سنووری گەرمیان دروست كراون، سەرڕێژ بوونە، ئەوەش دەرخەری بەهێزی ئەو شەپۆلی بارانەیە كە دوو ڕۆژە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.
جگە لە سەرڕێژبوونی ئەو بەنداوانە، ئێستە ئەوەی جێی مەترسییە بەنداوی ئاوەسپییە سەرڕێژ بووە و بە بەرزیی دوو مەتر ئاو لەسەر سەرڕێژبوونیەوە دەڕوات. بەنداوی توورەجاڕیش سەرڕێژ بووە و دوو مەتر و نیو بەسەر سەرڕێژبوونیەوە ئاو دەڕوات.