بەهۆی ئەو لافاوەی لە سنووری تەقتەق دروست بووە كە گوشاری ئاو لەسەر زێ هەبوو، ئەمەیش وایكرد زیانێكی زۆر بەر حەوزەكانی ماسی بكەوێت و بەشێكی زۆریان بتەقن.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی كانوونی یەكەم، خالید تەقتەقی كە خاوەن حەوزی ماسییە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سنووری تەقتەق ژمارەیەكی زۆر حەوزی ماسی هەن، ئێستە بەهۆی ئەو لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە.
زیاتر گوتی، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان و بەهۆی بارانبارینی زۆر لە تەقتەق، 300 حەوزی ماسی و نزیكەی 500 هەزار ماسی ئاو بردوویەتی، ئاماری چەند شوێنێكی تریش تا ئێستە نەزانراوە.
باسی لەوەش كرد، ئەو حەوزانە بەهۆی ئەوەی لە گڵ دروست كراون، نەیانتوانی بەرگەی ئەو لافاوە و تەوژمی بەهێزی ئاو بگرن.
هاوكات "وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پێوەندیی بە هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.
بەهۆی ئەو بارانبارینەی دوێنێ رووی لە قەزای تەقتەق كردبوو، سەتان حەوزی ماسیی هاووڵاتییان تێكچوون و تەواوی ماسییەكانیشیان بە ئاودا چوون.
حەوزە ماسییەكان لەوانەن كە لە لێواری رووباری قەزاكە دروست كراون كە دەكەونە گوندەكانی مەلازیاد، چۆم حەیدەر، كانیەڕەش و چەند گوندێكی تری سەر زێ.
قەزای تەقتەق بەدووریی (23) كیلۆمەتر لە باشووری قەزای كۆیە لە كەناری لای ڕاستی (زێی بچووك) هەڵكەوتووە، وەك دیاردەیەكی سروشتی لە شارەدێكانی (شوان) و (ئاغجەلەر)ی قەزای چەمچەماڵی جیا دەكاتەوە، لەوپەڕی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێرە بەدووری (58) كیلۆمەترە.
ئەو قەزایە 37 فەرمانگەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری و كارگێڕی و (17) قوتابخانە و خوێندنگەی بنەڕەتی و ئامادەیی و باخچەی ساوایانی تێدایە، لە گرنگترین فەرمانگەكانی (قایمقامییەت سەرۆكایەتیی شارەوانی و فەرمانگەی ئاو و دابەشكردنی كارەبا و خانەی داد و دادنووس و بانك و تێبینەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرە و نەخۆشخانەی تایپ A (50) قەڕەوێڵەیی و ... تاد ) .