رەمك رەمەزان: زیانەكانی چەمچەماڵ ئەوەندە زۆرن قەرەبووكردنەوەی ئاسان نییە

:: AM:11:35:10/12/2025 ‌
رەمك رەمەزان رای گەیاند، داوامان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لیژنەیەك پێبكێهێنێت، بۆ ئەوەی قەرەبووی خاوەن ماڵ و دوكان و ئەو شوێنانەی تر بكرێتەوە كە زیانیان بەركەوتووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، زیانەكان زۆرن بەتایبەتی لە ناوچەی ئاغجەلەر، بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە جووتیار و ئاژەڵدارن، هەروەها هەریەك لە فەرمانگەكانی رۆشنبیری، نووسینگەی پاسپۆرت و كتێبخانە و تاپۆ لە چەمچەماڵ زیانیان بەركەوتووە.

رەمك رەمەزان ئەوەشی گوت، "زیانەكان زۆرن و پێم وانییە بە ئاسانی بتوانرێت ئەو زیانانە قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام لە ناوچە جیاجیاكان لیژنەی خەمڵاندنی زیانەكان پێكهێنراوە".

ڕەمك ڕەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، لە مێژووی چەمچەماڵدا كارەساتی هاوشێوە ڕووی نەداوە، بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لە دەست داوە، 12 كەسیش بریندار بوونە و چارەسەریان بۆ كراوە و هەموویان دۆخیان جێگیرە، هیچ كەسێكیش بێسەروشوێن نەبووە.

بەپێی ئامارەكان، تەنیا لە چەمچەماڵ زیاتر لە 500 ماڵ زیانیان بەركەوتووە، جگە لەوەی زیان بە چەندان فەرمانگەی حكوومی، بازاڕ و دوكان، ئۆتۆمبێل و كەلوپەل كەوتووە، ئەو هاونیشتمانییانەی شۆفڵ و ئامێریان هەبووە، هاوكاریی تیمەكانی حكوومەتیان كرد، ئەگەرنا قوربانییەكان زیاتر دەبوون و قەبارەی زیانەكانیش بەرزتر دەبوونەوە.

هەروەها دەیان ئۆتۆمبێل ئاو بردوونی و زیانیان پێكەوتووە، ئاویش چووەتە چەندان ماڵ و گەڕەك و دوكان و كۆگە و ڕێگە سەرەكییەكانی سلێمانی- چەمچەماڵ و كەركووك – چەمچەماڵ، بۆ ماوەیەك داخراون و زیانی زۆریان بەركەوتووە.



وشە - سۆران عەزیز