بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات لە دابینكردنی ئاوی ماڵان، هیچ كێشەیەك نییە و سەرجەم ئیفرازەكان كار دەكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی كانوونی یەكەم، رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوێنێ لەگەڵ ئەو بارانە زۆرەی هەبوو ئاوی زێ لێڵ بووبوو.
زیاتر گوتی، ئەو بارانە وای نەكرد هیچ كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی ئاو بۆ ماڵان بكات و ئێستە ئاو دەگاتە ماڵان.
باسی لەوەش كرد، ئێستە تەواوی ئیفرازەكان كار دەكەن و هیچ كێشەیەكیان نییە لە پێدانی ئاو.
ساڵانە لە كاتی بارانبارینی خێرا، وا دەكات كاریگەریی لەسەر پێدانی ئاو دروست بێت، بەڵام بەهۆی ئەو چاكسازییەی حكوومەت لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی ئاو كردوویەتی، ئەمساڵ هیچ كێشەیەك دروست نەبووە.