تیمەكانی كوردستان فاوەندەیش گەیشتنە چەمچەماڵ

:: PM:12:29:10/12/2025 ‌
دامەزراوەی كوردستان فاوندەیشن‌ هەڵمەتێكی بەهاناوەچوون و كۆمەككردنی بۆ ئەو هاووڵاتییانە ڕاگەیاند كە بەهۆی لافاوەكەی دوێنێ‌ لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، زیانیان بەركەوتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی كانوونی یەكەم، د. یارا بەرزنجی بەڕێوەبەری پرۆگرام و هاوبەشییەكان لە دامەزراوەی كوردستان فاوەندەیشن، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەم هەڵمەتە لەسەر ڕاسپاردەی ئارین بارزانی دامەزرێنەری دامەزراوەی ‘كوردستان فاوندەیشن‌، دەست پێ كراوە.

زیاتر گوتی، ئامانج لەم هەڵمەتە بەهاناوەچوونی خێرای زیانلێكەوتووان و دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانە بۆیان.

بە گوتەی د. یارا، تیمەكانی دامەزراوەكە لە بەیانیی ئەمڕۆوە گەیشتوونەتە قەزای چەمچەماڵ و شانبەشانی هێزە ناوخۆییەكان، دەستیان بە كاركردن كردووە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكان و گەیاندنی هاوكاری بەپەلە بەو خێزانانەی كە پێویستیان پێیەتی.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، لەمڕۆوە تیمەكانمان خەریكی دانانی خێوەتن بۆ ئەو خێزانانەی ماڵەكانیان زیانی بەركەوتووە، كە هاوكاری زیاتر لە 500 خێزانی زیانلێكەوتوو دەكات بۆ دابینكردنی كەلوپەلی پێویست.



وشە - رامیار جەواد