لە هەرێمی كوردستان 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو خەزن كرا

:: PM:12:30:10/12/2025 ‌
لە هەرێمی كوردستان لە رێی بەنداوەكان زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو خەزن كراوە، ئەوەش بەهۆی دروستكردنی ئەو بەنداو و پۆندانەی دروست كراون.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی كانوونی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، بەنداوەكان دەستیان بە خەزن كرد، بەكاریگەریی دواین شەپۆلی باران و لافاو لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا.

ئاماژە بەوەش كراوە، هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاو خەزن كراوە، هەروەها دەربەندیخان یەك مەتر و نیو و لە دوكان 70 سانتیمەتر زیادیان كردووە.

روون كراوەتەوە، بەنداوە بچووكەكانیش لە سنووری گەرمیان و سلێمانی هەموویان پڕ بوون، لە سنووری هەولێر یەك بەنداو پڕ بووە و ئەوانی تریش ئاویان لێ خەزن كراوە، لە سنووری دهۆكیش ئاوی بەنداوەكان زیادیان كردوە، بەڵام بە ڕێژەی كەمتر.

كاریگەری شەپۆلەكە ڕۆژانی داهاتووش بۆ زیادكردنی ئاوی بەنداوە گەورەكان بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد