تیمەكانی كوردستان فاوەندەیشن بە گەیاندنی هاوكاری گەیشتنە چەمچەماڵ

:: PM:05:12:10/12/2025 ‌
دامەزراوەی "كوردستان فاوندەیشن"‌ هەڵمەتێكی بەهاناوەچوون و كۆمەككردنی بۆ ئەو هاووڵاتییانە ڕاگەیاند كە بەهۆی لافاوەكەی ڕۆژی سێشەم، نۆی كانوونی یەكەم، لە چەمچەماڵ زیانیان بەركەوتووە.

د. یارا بەرزنجی، بەڕێوەبەری پڕۆگرام و هاوبەشییەكان لە دامەزراوەكە رای گەیاند، ئەم هەڵمەتە لەسەر ڕاسپاردەی ئارین بارزانی دامەزرێنەری دامەزراوەی "كوردستان فاوندەیشن‌" دەستی پێ كراوە، ئامانج لەم هەڵمەتە بەهاناوەچوونی خێرای زیانلێكەوتووان و دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانە بۆیان.

تیمەكانی دامەزراوەكە لە بەیانیی ئەمڕۆوە گەیشتوونەتە قەزای چەمچەماڵ و شانبەشانی هێزە ناوخۆییەكان دەستیان بە كاركردن كردووە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكان و گەیاندنی هاوكاری بەپەلە بەو خێزانانەی كە پێویستیان پێیەتی.

دامەزراوەی كوردستان فاوندەیشن‌، داوا لە هاووڵاتییان و خێرخوازان دەكات كە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "Volunteer.krd" ناوی خۆیان تۆمار بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵمەتەكەدا.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم