ئێستە هەموو پێكهاتەكانی عێراق چاوەڕوانی پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 11ی مانگی رابردووی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق دەكەن، شەوی دووشەمی رابردوو شیعە كۆبوونەوە و بڕیارە سبەی یان یەكشەمی داهاتوو سوننەش كۆ ببنەوە، ئەوان تاوتوێی كاندیدانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، لەو ناوەدا پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی لە بەغدا دووپاتی كردەوە كە هەفتەی داهاتوو پارتی و یەكێتی دەست بە گفتوگۆ دەكەن.
بەشار كیكی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوەو كە هەفتەی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆ دەبنەوە، كە بتوانێت بۆ قۆناغی داهاتوو ئەركەكانی لەو پۆستە بۆ قۆناغی داهاتوو بەڕێوە ببات.
روونی كردەوە، پارتی هیوادارە دەسەڵاتەكانی سەركۆماری عێراق بەو شێوەی لە بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتییانە كارا بكرێت و پۆستەكە تەنیا تەشریفی نەبێت، بە مانایەكی تر رۆڵی لە دەستنیشانكردنی پێشێلكارییە دەستوورییەكان و چارەسەركردنی هەندێك بابەت هەیە كە لای هەمووان گرنگە، دووپاتی كردەوە كە رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی ناوی كاندیدێك تەنیا پێوەست نییە بە لایەنێكی دیاریكراو، بەقەدەر ئەوەی دەبێت سووربوون لەسەر دیاریكردنی كەسێك توانای بەڕێوەبردنی پۆستەكەی بە جوانی هەبێت.