خەریكە لە كۆتای مانگی كانوونی یەكەم و ساڵی 2025 نزیكتر دەبینەوە و تا ئێستە سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، توێژەرێكی سیاسی سەر بە پارتی پێی وایە كە سەرەڕای رێككەوتن و لێكگەیشتنەكانی دوایی لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێم، كە دەبوایە كێشەكەی بە یەكجاری چارەسەر بكردایە، تا ئێستە تەنگژەی دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەریمی كوردستان بەردەوامە.
عەلی فەیلی روونی كردەوە، فەرمانبەرانی هەرێم دوای تێپەڕبوونی دوو بۆ سێ مانگ مووچە وەردەگرن، هەندێك جار لەوەش زیاتر دوا دەكەوێت، دووپاتی كردەوە كە ئەو پاساوانەی حكوومەتی فیدراڵی بۆ دواخستنی رەوانەكردنی مووچەكە باسیان دەكات، بەوەی هەرێم پارەی داهاتی ناوخۆیی نەخستووەتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراق، تەنیا پاساوی بێ بنەمان.
ئاماژەی كرد، هەموو ئەو كێشە تەكنیكییانەی پێشتر بۆ دواخستنی رەوانەكردنی پارەی مووچە لە رێككەوتنەكانی دوایی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر كراون، بۆیە بەردەوامبونی كێشەكە تا ئێستە نەبوونی رژدی لە جێبەجێكردنی پابەندییەكانی رێككەوتنی لەسەر كراوە لە لایەن بەغدا دەردەخات، ئاماژەی كرد، نابێت دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ببنە قوربانی بەردەوامی ناكۆكی و دواخستنی چارەسەرییەكان، بۆیە پێویستە چارەسەرێكی كۆتایی بۆ ئەو دۆسیە بهێنرێت كە ئەستۆی فەرمانبەر و خێزانەكانی لە كوردستان قورس كردووە.