دەستەی مافی مرۆڤ: ڕاگیراوانی ڕووداوەکەی خەبات ئەشکەنجە نەدراون

:: PM:10:05:10/12/2025 ‌
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەنجامی سەردانی شاندێکیان بۆ لای ڕاگیراوانی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجان ئاشکرا دەکات و ڕای دەگەیەنێت، ڕاگیراوەکان لە دۆخێکی تەندروستیی باشدا بوون و دووپاتیان کردووەتەوە کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە نەبوونەتەوە.

دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن کەسوکاری ڕاگیراوانی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجان و داواکارییان بۆ بەدواداچوون، ئەمڕۆ چوارشەم 10/12/2025، شاندێکی باڵای دەستەی مافی مرۆڤ بە سەرۆکایەتیی دکتۆرە مونا یاقوو و بەڕێوەبەری گشتیی یاسا، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری کوردستانیان کرد لە هەولێر.

لە ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤدا هاتووە، شاندەکە لە نزیکەوە چاویان بە سێ ڕاگیراو بە ناوەکانی (ن.ع.م)، (ک.س.ع) و (غ.ص.د) کەوتووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون.

لەبارەی دۆخیانەوە دەستەکە ئاماژەی بەوە داوە، ڕاگیراوەکان گوتوویانە مامەڵەی هێزە تەناهییەکان لەگەڵیان باشە و تووشی هیچ لێدان و ئەشکەنجەیەک نەبوونەتەوە، هەروەها ڕەوشی تەندروستییان باشە.

سەبارەت بە ددانپێدانانی تۆمەتبار (ن.ع.م)، تیمی دەستەی مافی مرۆڤ پرسیاریان لێ کردووە کە ئایا لەژێر ئەشکەنجە ددانی پێدا ناوە؟ ناوبراو وەڵامی داوەتەوە، نەخێر، ڕووبەڕووی هیچ ئەشکەنجە و گوشارێک نەبووینەتەوە و بە ئازادانە گوتەمان لێ وەرگیراوە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دووپاتی کردووەتەوە، لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی دۆسیەکە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.


وشە - پۆڵا مەحموود