مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، لە مێژووی گەلی كوردستاندا، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و پێشەنگی هەبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی 73مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ڕای گەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی لە سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و سەرجەم ئەندامانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم .
ئاماژەی بەوەش دا، لە مێژووی گەلی كوردستاندا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، ڕۆڵێكی گرنگ و پێشەنگی هەبووە و هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریكردن بووە لە مافەكانی ئافرەتان و مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان، پشتیوانێكی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون، نموونەیەكی گەشەی خەبات و قوربانیدان و گیان بەختكردن بوون لە پێناو مافەكانی گەلی كوردستان. ئەمە جیا لەوەی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، ڕۆڵێكی دیاریشی لە داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندان ئافرەتی سەركردەدا هەبووە .
ڕاشی گەیاند، هیوادارم یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە ڕۆڵی پێشەنگانە و خەباتی ڕێكخراوەیی خۆی بەردەوام بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی ئافرەتانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و داخوازییەكانیان.