بەفەرمانی مەسروور بارزانی سەرجەم قوتابخانەكانی چەمچەماڵ نۆژەن دەكرێنەوە

:: PM:12:54:11/12/2025 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، قوتابخانە زیانلێكەوتووەكانی چەمچەماڵ نۆژەن دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی كانوونی یەكەم، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران، دەست بە نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانە دەكرێت كە بەهۆی لافاو زیانیان پێگەیشتووە.

زیاتر گوتی، دەست دەكرێت بە نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی سنووری قەزای چەمچەماڵ كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە، هەموو كەرەستەیەكی پێویستیان بۆ دابین دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، تیمە ئەندازیارییەكانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی، گەیشتوونەتە چەمچەماڵ بۆ دەرخستەی زیانەكان، بڕیار دراوە پارەی پێویست بخریتە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە هەفتەی ئایندەوە پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی سەرجەم ئەو قوتابخانانە دەست پێ دەكات.

بە گوتەی وەزیری پەروەردە، بڕیار دراوە سەرجەم ئەو كەلوپەل و پێداویستییە پەروەردەییانەی لەناو قوتابخانەكاندا بەهۆی ئاو و لافاوەوە لەناوچوون، لەلایەن وەزارەتەوە بە زووترین كات دابین بكرێنەوە بۆ ئەوەی پەككەوتن لە پرۆسەی خوێندندا دروست نەبێت.



وشە - رامیار جەواد