هێزەكانی هاوپەیمانان دووپات لە یەكگرتنی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەنەوە

:: PM:03:51:11/12/2025 ‌
فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان، دووپات لەسەر یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەنەوە و ئەمڕۆیش بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەتەوە. 

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ كۆڵۆنێڵ فیتز گیراڵد فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كۆبووەتەوە. 

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە لەم دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستەی هێزی پێشمەرگە كرا، هەروەها لایەنەكان باسی پێوەندی و هاوئاهەنگی نێوان هەردوولایان كرد و تایبەتمەندیی گرنگی گفتوگۆكان، سەرنج لەسەر ڕێكخستنی كارەكانی فەرماندەیی دەڤەرەكان و یەكگرتنەوەی هێزەكان بوو.

هاوكات پێویستی بەردەوامبوونی پشتگیری و هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتی لەسەر كرایەوە، لە كۆتاییدا گرنگییان بە پێشخستن و گەشەپێدانی پێوەندی و هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا كرد و دڵنیایی لە بەردەوامبوونی هاوكاری دوولایەنە كرایەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم