هەشت بڕیار لە وەزیری پەروەردەوە

:: PM:07:07:11/12/2025 ‌
دوای سەردانی ئەمڕۆی بۆ سنووری چەمچەماڵ، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی دەركرد. 

"وشە" دەقی بڕیارەكان وەكخۆی بڵاو دەكاتەوە كە لە وەزیری پەروەردەوە وەرگیران: 

1- ئەو تیمە ئەندازیارییەی كە ناردبوومان بۆ ئامادەسازكردنی دەرخستەی ئەندازیاری نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەركەوتووە، هەر لە كۆبوونەوە بریارمان دا ڕۆژی یەكشەم بڕی پارەی پێویست بنێرین بۆ سلێمانی بەگوێرەی دەرخستەی ئەندازیارەكان لە ڕۆژی یەكشەمەوە نۆژەنكردنەوە دەست پێ بكات  كە جەنابی سەرۆكوەزیران پاڵپشتی دارایی دابین كردووە.
 
2- بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵمان راسپارد تا رۆژی یەكشەم لیستی ئەو كەلوپەلانەی ئەو ناوەندانەی خوێندن ئامادەبكەن كە لافاو زیانی لێداون و توانای بەكارهێنانیان نەماوە، هەر لە كۆبوونەوە بڕیارمان دا بڕی پارەی پێویستی ئەو كەلوپەلانە لە ڕۆژی یەكشەمەوە بخەینە بەردەست بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، كە جەنابی سەرۆكوەزیران پاڵپشتی دارایی دابین كردووە. 

3- لەگەڵ دكتۆرە یارا بەرزنجی و تیمی (كوردستان فاوندەیشن) لە دیوانی پەروەردەی چەمچەماڵ كۆبوونەمان ئەنجام دا و بڕیاریان داوە كە دوو قوتابخانە بە تەواوی نۆژەن بكەنەوە و پێداویستییەكانیان دابین بكەنەوە. 

4- ئەو قوتابیانەی كە پەرتووكیان فەوتاوە لە قوتابخانە و لە ماڵیشەوە، بە زووترین كات بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیمان راسپارد لە هەفتەی داهاتوو كتێبی نوێ بگەیەننە چەمچەماڵ و لەگەڵ دەست پێ كردنەوەی پرۆسەی خوێندن بدرێتەوە ئەو قوتابیانەی كتێبەكانیان فەوتاوە.
 
5- وایت بۆرد و ژمارەیەك پێداویستی ترى خوێندن لە هەفتەی داهاتووەوە دەنێرینە چەمچەماڵ. 

6- بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵمان راسپارد كە لە ڕۆژی شەمووەوە كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری ناوەندەكانی خوێندنی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ بكات، ئەو قوتابخانانەی نۆژەن دەكرێنەوە دەوام ڕادەگیرێت و ئەو قوتابخانانەی توانای دەوام كردنیان هەیە و ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی قوتابیان نییە دەتوانن بە مشوورەت بڕیاری گونجاوی خۆیان بدەن. 

7- تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرز دواخراوە بۆ مانگی یەك و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی هاوئاهەنگى بكەن بۆ وەرگرتنی بڕیاری پێویست لەسەر دانانی میكانیزمەكان. 

8- وێڕای سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی ماندووبوون لە پاراستنی گیانی قوتابیان، هەموو مامۆستایانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ سوپاس دەكرێن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم