پێکهێنانی کابینەی دەیەم و هێرشەکانی کۆرمۆر؛ وەزیری ناوخۆ و بەرپرسێکی بەریتانیا گفتوگۆیان کرد

:: PM:07:38:11/12/2025 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ و هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی کانوونی یەکەم، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی لە هامش فاڵکنەر، پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا پێ گەیشت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، لە پێوەندییەکەدا باس لە دۆخی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بووە بە پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی نوێی فیدراڵ.

هەروەها تاوتوێی دۆخی تەناهی کراوە و هەڵوەستە لەسەر دوایین هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کراوە.

لە بەشێکی تری پێوەندییەکەدا، پرسی پێوەندیی دووقۆڵی و پتەوکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و تاوانی ڕێکخراو، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود