وێڕای ئەوەی بوومەلەرزەیەكی زۆر بەهێز بە گوڕی 6.9 پلەی رێختەر یابانی هەژاند، بەڵام دەستەی كەشناسیی وڵاتەكە رەتی كردەوە كە هیچ مەترسییەكی روودانی "تسۆنامی" لە ئارادا بێت.
ئەمڕۆ هەینی 12ی کانوونی یەکەم، دەستەی کەشناسیی یابان ئاشکرای کرد، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.9 پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە. سەرەتا گوڕی بوومەلەرزەکە بە 6.7 پلە دیاری کرابوو، بەڵام دواتر ڕاست کرایەوە.
بوومەلەرزەکە لە سەعات 11:44ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ (02:44 بە کاتی گرینویچ) لە کەناراوەکانی پارێزگای ئۆمۆری لە قوڵایی 20 کیلۆمەتر ڕووی داوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەمی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەکی تر بە گوڕی 7.5 پلە هەمان ناوچەی هەژاندبوو. دوای ئەو ڕووداوە حكوومەت هۆشداریی دابووە دانیشتووانی ناوچەیەکی فراوان لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی تۆکیۆ، کە ئامادەکاری بکەن بۆ ئەگەری وقوعی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ماوەی هەفتەیەکدا.
بەپێی پێوەری یابانی بۆ توندیی بوومەلەرزە کە لە حەوت ئاست پێک دێت، توندیی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی چوار.
لای خۆیەوە دەستەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمەریکا (USGS) ڕای گەیاندووە، چەقی بوومەلەرزەکە 130 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆجی بووە لە پارێزگای ئیوات.
هاوکات دەستەی پەخشی یابانی ڕوونی کردووەتەوە، پێشبینی ناکرێت هیچ زیانێک بەهۆی تسونامییەوە بەر ناوچەکە بکەوێت.