رابوون مەعرووف: ئەمڕۆ فریای سلێمانی نەكەون سبەی درەنگ دەبێت

:: PM:01:59:13/12/2025 ‌
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتەكەی تاڵیبان، بۆ رێگریی لە فەوزا و پشێویی ئاینی، كتێبی "كتاب التوحید"ی محەمەد بن عەبدولوەهابی قەدەغە كردووە. بەڵام ئەو كتێبە ترسناكە، لە سلێمانی وەك كۆرس و وانە و بە ڤیدیۆ و لە مزگەوتەكان دەگوترێتەوە.

رابوون مەعرووف لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە: ساڵانی پێشوو خەڵك لە هەموو شارەكانی كوردستانەوە بۆ ئەوەی تۆزێك ئازاد بن و باشتر بژین، دەچوونە سلێمانی.

باسی لەوەش كردووە، ئاوسا هەولێر جێگەی توندڕەوان و شارێكی هیلاك و شەكەت و ماندوو بوو. لە رووی كۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانەوە داخراو بوو. ئیسلامییە توندڕەوەكان، ئەو شارەیان كردبووە مۆڵگە و لەوێوە ئایدیای توندڕەوی و تیرۆریان بە كوردستاندا بڵاو دەكردەوە.

"جاران خەڵك لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی دەچوون، چەندان كەس "مامۆستای زانكۆ، ئەكتیڤیستی چەپ، موژدەبەری كریستیان لە هەولێر ژیانیان كەوتبووە مەترسییەوە، ئەمەش وایكرد خۆپێشاندانێك بكەین و هاوار بكەین "هەولێر نەبێتە كابول". رابوون وادەڵێت

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پێشوو دەڵێت: بە پێچەوانەوە ئێستە سلێمانی و هەولێر جێگەیان گۆڕیوەتەوە، ئیتر سلێمانی كراوەتە مۆڵگەی تیرۆری فیكری و ئیرهابی ئاینی. ئەو ئیرهاب و تیرۆرە فیكرییەی لە سلێمانی رێگەی پێدەدرێت و پشتیوانیی دەكرێت و پارێزگاریی لێ دەكرێت، تەنانەت لە ئەفغانستانیش رێگەپێراو نییە.

لە كۆتاییشدا باسی لەوە كردووە: وڵات و شارەكان، بەرهەمی روئیا و ئاسۆی سیاسین. پێناچێت حاكم و دەسەڵاتدارانی سلێمانی هیچ دیدگەیەكیان هەبێت و خۆیان و شار و وڵاتیان داوەتە دەست قەدەر. نابێت هیچیتر ناوچەگەرێتی و شارچێتی و حزبگەرایی، بێدەنگی و پشتگوێخستن زاڵ بكات. چونكە ئیتر لە سلێمانییەوە، تیرۆر و توندڕەوی نەك هەر بە سەرانسەری كوردستاندا بڵاو دەكرێتەوە، بەڵكو كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر بڵاوكردنەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناو رەوەندیی كوردی لە دەرەوەی وڵاتیش. كورد و كوردستان شایستەی حوكمڕانی و شێوازی ژیانی شارستانی و مۆدێرنن، ئەمڕۆ فریای سلێمانی و كوردستان نەكەون، سبەی درەنگ دەبێت.



وشە - سۆران عەزیز